سه‌رۆكی نوێی داواكاری گشتی هه‌رێم دیاریكرا

هەواڵ / کوردستانی :: 28/05/2018‌ :: 2963‌ جار بینراوە

تاگ :: داد

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
به‌ بڕیاری ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری ئازاد حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د، جێگری پێشووی سه‌رۆكی داواكاری گشتی له پۆستی سه‌رۆكی داواكاری گشتی هه‌رێم ده‌ستبه‌كاربوو.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی حكومه‌تی هه‌رێم پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 28ی ئایاری 2018، له‌ رێوره‌سمێكدا كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری به‌وه‌كاله‌ت و وه‌زیری دادی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌بوون، حاكم ئازاد حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د وه‌ك داواكاری گشتی له‌به‌رده‌م سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا سوێندی یاسایی خوارد.

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ به‌ بڕیاری ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری، ژماره‌ 24 له‌ به‌رواری 11ی نيسانی 2018 كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ پاڵاوتنی جێگری سه‌رۆكی داواكاری گشتی بۆ پۆستی سه‌رۆكی داواكاری گشتی و به‌پێی حوكمی مادده‌ 10 ـ شانزه‌هه‌م له‌ یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق ژماره‌ 1 بۆ ساڵی 2015 و به‌ پشتبه‌ستن به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه‌ به‌ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان دراوه‌، به‌پێی حوكمی مادده‌ 1 ـ چواره‌م له‌یاسای ژماره‌ 2 بۆ ساڵی 2017 (یاسای دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمدا)، بڕیاردرا به‌ دامه‌زراندنی (حاكم ئازاد حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د) وه‌ك سه‌رۆكی داواكاری گشتی.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، گۆڕینی سه‌رۆكى پێشووى داواكارى گشتى به‌هۆى ناكۆكییه‌كانى بووه له‌گه‌ڵ وه‌زیرى داد له‌سه‌ر سكاڵاى یاسایى سێ هاووڵاتى.

پێشووتریش دواڕۆژ په‌یوه‌ندیكرد به‌ نوسینگه‌ى وه‌زیرى دادى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ باره‌ى هۆكارى دوورخستنه‌وه‌ى سه‌رۆكى داواكارى گشتى، ئاماژه‌یان به‌وه‌كرد، ئه‌نجامدانى ئه‌و گۆڕانكاریيه‌ له‌ چوارچێوه‌ى كارێكى ئیداریيه‌ و له‌ ده‌سه‌ڵاتى وه‌زیرى داده‌.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure