دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
سەرۆكایەتی شارەوانی هەڵەبجە لە ڕێگەی بەرنامەیەكی تایبەتەوە ڕێگە بە خاوەن عەرەبانە و دەستگێڕەكان دەدات بێنە ناو شەقامە سەرەكییەكانی ناو بازاڕەوە.
كوێستان ئەكرەم، سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە بەدواڕۆژی راگەیاند "ئەو قەرەباڵغییەی ئێوارانی رەمەزان لەناو بازاڕی هەڵەبجەدا دروستدەبێت، هۆکارەکەی تەسكی شەقامەكان و هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەكانە".
وتیشی "لەسەرەتای مانگی ڕەمەزانەوە بڕیاماندابوو لەدوای كاتژمێر (6:30)ی خولەکی ئێوارە خاوەن عەرەبانە و دەستگێڕەكان بۆیان هەبێت بێنە بازاڕەوە".
ئەوەشی ئاشکرا کرد، لەدوای پانزەیەم رۆژی ڕەمەزانەوە تاوەكو كۆتایی مانگەكە هەوڵدەدەین بەرنامەیەك دابنێین كە دەستگێڕ و خاوەن عەرەبانەكان سەربەست بكەین بچنە ناوبازاڕ.
ئاماژەی بەوەشكرد، ناوەندی بازاڕی هەڵەبجە پێویستی بە ڕێكخستنەوە هەیە و شوێنێكی بەرفراوان نییە، ئەمەش وایكردووە رۆژانە قەرەباڵغییەكی زۆر لەبەردەم دوكان و ماركێتەكاندا دروستببێت و ئاستەنگی هاتوچۆش بۆ ئۆتۆمبێلەكان دروستببێت، بەڵام لەگەڵ نزیكبوونەوە لە كۆتاییهاتنی مانگی ڕەمەزان كارئاسانییەكی زۆر بۆ دەستگێڕ و خاوەن عەرەبانەكان دەكەین، بۆ ئەوەی بێنە بازاڕەوەو شەقامە سەرەكییەكان لە هاتوچۆی ئۆتۆمبێل ڕادەگرین.