شاره‌زایه‌كى یاسایى: په‌رله‌مان ده‌توانێت ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌

هەواڵ / عێراق :: 28/05/2018‌ :: 706‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
له‌كاتێكدا قه‌واره‌ براوه‌كان سه‌رقاڵى گفتوگۆى سه‌ره‌تايين بۆ دروستكردنى گه‌وره‌ترين فراكسيۆن كه‌ سه‌رۆك وه‌زيرانى ئاينده‌ كانديد ده‌كات، هێشتا هه‌ندێكى دیكه‌ له‌ لایه‌نه‌كان له‌ناو په‌رله‌ماندا هه‌وڵده‌ده‌ن بۆ ته‌واوكردنى ژماره‌ى ياسايى، به‌ ئاڕاسته‌ى ده‌ركردنى ژماره‌يه‌ك بڕيار كه‌ ره‌نگه‌ سه‌ربكێشێت بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌گشتى و دواخستنى بۆ مانگى كانونى يه‌كه‌مى داهاتوو بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكاندا تێكه‌ڵبكرێت.

به‌پێى هه‌واڵێكى رۆژنامه‌ى شه‌رقولئه‌وست، شاره‌زايه‌كى ياسايى جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، په‌رله‌مان به‌پێى ماده‌ى 102 له‌ ده‌ستورى عێراق، مافى ئه‌وه‌ى هه‌يه‌ ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌، له‌ڕێگه‌ى ده‌سه‌ڵاتى خۆى به‌سه‌ر كۆمسيۆندا، ئه‌گه‌رچى په‌رله‌مانتاره‌ ناڕازييه‌كان جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ نيازى ئه‌وه‌يان نييه‌، كاره‌كه‌ بگاته‌ ئاستى ئه‌وه‌ى ئه‌نجامه‌كان هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌، له‌ترسى ئه‌وه‌ى پشێوى له‌ وڵاتدا دروست نه‌بێت.

ئه‌حمه‌د عه‌بادى، شاره‌زاى ياسايى به‌ رۆژنامه‌كه‌ى راگه‌ياندووه‌، كۆمسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆيى هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌پێى ماده‌ى 102ى ده‌ستورى عێراق، په‌يوه‌سته‌ به‌ په‌رله‌مانه‌وه‌، بۆيه‌ په‌رله‌مان ده‌سڵاتى به‌سه‌ريدا هه‌يه‌، دواتر ده‌سه‌ڵات ده‌توانێت له‌سه‌ركار لايدات، ئه‌گه‌ر شكستهێنانى سه‌لمێنرا.

عه‌بادى وتيشى "په‌رلەمان پێشتر كۆمسيۆنى پێشووی له‌سه‌ركارلادا، هه‌رخۆشى ده‌نگى له‌سه‌ر ئه‌م كۆمسيۆنه‌ داوه‌، له‌كاتێكدا ئێستا قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌يه‌ كه‌ پێشێلكارى له‌ كۆى پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردندا كراوه‌، بۆيه‌ په‌رله‌مان مافى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌نجامه‌كانى هه‌يه‌ كه‌ له‌سه‌ر كارى په‌رله‌مان به‌نده‌، ئه‌گه‌ر له‌ هه‌لومه‌رجێكدا ده‌ركه‌وت كارى كۆمسيۆن له‌ڕووى ياساييه‌وه‌ دروست نه‌بووه‌، به‌و مه‌رجه‌ى په‌رله‌مان به‌ ژماره‌ى نيسابى ياسايى ته‌واوه‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ى بڕيارێكه‌وه‌ ئه‌و كاره‌ بكات".

بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بڕياره‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ په‌رله‌مانى عێراق بۆ جارى سێيه‌م هه‌وڵى به‌ستنى دانيشتنى نائاسايى بدات، بۆ تاوتوێكردنى ئه‌نجام و ئه‌و تێبينييانه‌ى له‌سه‌ر پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن هه‌يه‌، هه‌روه‌ك ژماره‌يەك په‌رله‌مانتار هه‌وڵده‌ده‌ن ژماره‌ى ياسايى كۆبكه‌نه‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنى چه‌ند بڕيارێكى گرنگ.

شروق عه‌بايچى، په‌رله‌مانتارى ره‌وتى مه‌ده‌نى به‌ رۆژنامه‌كه‌ى وتووه‌، هێشتا پرسه‌كه‌ په‌يوه‌سته‌ به‌ ته‌واوبوونى ژماره‌ى ياساييه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى دانيشتنه‌كه‌ ئه‌نجام بدرێت، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى دانيشتنه‌كه‌ى رۆژى شه‌ممه‌ ژماره‌ى ياسايى ته‌واو بوو، به‌ڵام پێچى لێدرا و ژماره‌كه‌ كه‌لى تێكه‌وت، ژماره‌ى ياسايى ته‌واونه‌كرا.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure