مانگرتنەكەی ئێران فراوانتر دەبێت

هەواڵ / ئابوری :: 27/05/2018‌ :: 999‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
مانگرتنی شۆفێری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و تانكەرەكانی گواستنەوەی سووتەمەنی لەدژی خراپیی باری گوزەران و گرانیی نرخی كاڵا و پێداویستیەكان، بۆ رۆژی شەشەم لە چەندین شاری گەورەی ئێران بەردەوامە و تادێت فروانتر دەبێت.


رۆژنامەی ئەلحەیات نووسیویەتی "مانگرتنی شۆفێری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و تانكەرەكانی گواستنەوەی سووتەمەنی، قەیرانێكی زۆری لە وێستگەكانی سووتەمەنیی تاران و شارەكانی دیكەی ئێراندا دروستكردووە و تەنانەت سوپای پاسداران ناچاربووە لەڕێی تانكەرە سەربازیەكانی خۆیەوە گاز و بەنزین بگەیەنێتە وێستگەكانی سووتەمەنی".

هێزەكانی ناوخۆ و یەكەكانی قەلاچۆكردنی ئاژاوە و پشێوی لە شاری بەندەر عەباس گازی فرمێسكڕێژ و داری كارەباییان لەدژی شۆفێرە مانگرەكان بەكارهێناوە بۆ ئەوەی ناچاریان بكەن بچنەوە سەر كارەكانیان، بەڵام ئەوان بەردەوامن لە هەڵوێستی خۆیان و دەڵێن "نە بە زۆری هێزەكان و نە بە بەڵێنی كاربەدەستان، ناچنەوە سەر كارەكانیان، چونكە چیدی توانای ئەو گوزەرانە قورس و زەحمەتەیان نییە كە تێدا دەژین".
 
رێكخەرانی مانگرتنەكە و چالاكوانانی مەدەنی دەڵێن ژمارەیەكی زۆر لە دووكان و بازاڕەكانی شاری تارانی پایتەخت داخراون و كرێكارانی كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی لە شاری كرمان و شۆفێرانی پاس و تاكسیەكان، هەروەها كرێكارانی هێڵی ئاسنین لە شاری ئەسفەهان، چوونەتە پاڵ شۆفێرە مانگرەكان و داوای خەرجكردنی مووچەكانیان دەكەن كە چوار مانگە پێیاننەدراوە.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure