بۆ پاڵپشتى لیره‌ ئه‌ردۆغان په‌نا بۆ هاووڵاتیان ده‌بات

هەواڵ / ئابوری :: 26/05/2018‌ :: 1055‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
سه‌رۆك كۆمارى توركیا داواى له‌ هاووڵاتیانى وڵاته‌كه‌ى كرد كه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ى به‌ دۆلار و یۆرۆ پاشه‌كه‌وتیان كردوه‌ لە ماڵەوە هەڵیانگرتوە، بیكه‌ن به‌ لیره‌، به‌وه‌ش پاڵپشتى به‌هاى دراوی وڵات ده‌كه‌ن كه‌ له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه‌ به‌رامبه‌ر دۆلار، به‌ڕێژه‌ى 20% به‌هاى له‌ده‌ستداوه‌.


ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغان، سه‌رۆك كۆمارى توركیا، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 26ى ئایاری 2018دا له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى جه‌ماوه‌ریدا له‌ شارى ئه‌رزڕوم كه‌ بۆ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ى 24ى حوزه‌یران سازیكردبوو وتى "برایان ئه‌و پارانه‌ى به‌ دۆلار و یۆرۆ له‌ ژێر سه‌رینه‌كانتان داتانناوه‌، بڕۆن بیكه‌ن به‌ لیره‌، بۆ ئه‌وه‌ى به‌یه‌كه‌وه‌ ئه‌و گه‌مه‌یه‌ى هه‌یه‌ پوچه‌ڵى بكه‌ینه‌وه‌".

دواى ئه‌وه‌  له‌سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه‌دا ئاژانسى پۆلێنبه‌ندى دڵنیایی (ستانده‌ر ئاند پورز) له‌  راپۆرتێكدا سه‌باره‌ت به‌ دڵنیایی به‌هاى دراوى بیانیى له‌ توركیا، پۆلێنى توركیا له‌ (BB /B) دابه‌زاند بۆ (BB-/B) ئه‌وه‌ش به‌هاى لیره‌ى به‌رامبه‌ر دۆلار بۆ ئاستێكى مێژوویى دابه‌زاند و حكومه‌تى توركیاشى نیگه‌رانكرد.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ش، به‌هاى لیره‌ى توركیا له‌ ئاستێكى نزمدا مایه‌وه‌ و 100 دۆلار به‌ 480 لیره‌ مامه‌ڵه‌ى پێوه‌كرا.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure