پارتی سەبارەت بەكەركوك داوایەک ئاڕاستەی بەغدا دەکات

هەواڵ / کوردستان :: 26/05/2018‌ :: 2052‌ جار بینراوە

تاگ :: پارتی

دواڕۆژ، عیماد جەباری
پاش ئەوەی هەفتەی رابردوو وەفدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی لایەنە عێراقییەكانی كرد لەبەغدا، بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی دامەزراندنی حكومەتی داهاتووی عێراق، بەرپرسێكی ئەو حزبە دەڵێت "پرسی ئاساییكردنەوەی كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكە لەچوارچێوەی مەرجەكانی پارتیدان بۆ بەشداریكردن لەحكومەتدا".


عەدنان كەركوكی، وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوكی پارتی بە دواڕۆژی وت "پارتی دیموكراتی كوردستان لەمیانی چوونە پێشەوەی بۆ بەشداریكردن لەحكومەتی داهاتووی عێراق مەرجی هەیە كە بریتییە لە ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم" .

وتیشی "وەكو پارتی داوامان كردووە دۆخی كەركوك و ناوچەكانی دیكە بگەڕێتەوە پێش 16ی ئۆكتۆبەر یاخود بەشێوەیەكی هاوبەش ئیدارە بدرێن و هێزی پێشمەرگە و ئاسایش بگەڕێنەوە و سەقامگیری دابینبكەن".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە بۆ دانوستانەكانی ئەمجارەی بەغدا پارتی جەختدەكاتەوە لەجێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستور و چەسپاندنی پشكی 17%ی هەرێم و جارێكی دیكەش قبوڵی ناكەین بەتەنها بەڵێن بدرێت و وەكو خۆی بمێنێتەوە.

سەبارەت بەوەڵامی لایەنە عێراقییەكان بەرامبەر بەداواكارییەكانی پارتی، عەدنان كەركوكی وتی "ئەمانە پێشنیاری ئێمە بوون و لایەنە عێراقییەكانیش گفتوگۆی لەبارەوە دەكەن و دواتریش لەچوارچێوەی دانوستانەكاندا بڕیاری لەسەر دەدرێت، ئەگەر جێبەجێشنەكرێت، ئەوە پارتی ناتوانێت بگەڕێتەوە كەركوك".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure