له‌ رۆژێكدا 22 ملیۆن جگه‌ره‌ له‌ هه‌رێم ده‌كێشرێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 26/05/2018‌ :: 1160‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
به‌بۆنه‌ی  31ی ئایار رۆژی جیهانی به‌ڕه‌نگاربوونه‌وه‌ی جگه‌ره‌ و نێرگه‌له‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌سته‌ی چاككردن و پاراستنی ژینگه‌ی هه‌رێم به‌ هاوكاری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌ڵمه‌تێكی هۆشیاری ڕاگه‌یاند ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ له‌م مانگه‌وه‌ زیادكردنی باج له‌سه‌ر جگه‌ره‌و ماده‌ كحولییه‌كان چۆته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ به‌ڵام رۆژى 22 ملیۆن جگه‌ره‌ له‌ هه‌رێمى ده‌كێشرێت. 


به‌پێی راپۆرتێكی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی كه‌ ده‌ست دواڕۆژ، كه‌وتووه‌، هاورده‌كردنی جگه‌ره‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان زیادیكردووه‌و رۆژانه‌ش زیاتر له‌ 260 هه‌زار كارتۆن له‌ جگه‌ره‌ هاورده‌ ده‌كرێت و له‌و رێژه‌یه‌ش له‌ 60% له‌ ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان به‌ كارده‌هێنرێت".

راپۆرته‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هۆشداری ده‌دات له‌ باره‌ی زیانه‌كانی زیادبوونی رێژه‌ی به‌كارهێنانی جگه‌ره‌و ئاماژه‌شی به‌وه‌كردووه‌كه‌ به‌ پێی به‌دواداچوونه‌كانی ئه‌وان له‌ رۆژێكدا زیاتر له‌ 22 ملیۆن جگه‌ره‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كێشرێت.
راپۆرته‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئه‌وه‌شی ئاشكراكردووه‌، له‌ مانگێكدا زیاتر له‌ یه‌ك ملیار جگه‌ره‌ ده‌فرۆشرێت به‌بێ هه‌ژماركردنى  ئه‌و جگه‌رانه‌ی كه‌ له‌ كارگه‌كانی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان به‌رهه‌مده‌هێنرێت.
 رێكه‌وت حه‌مه‌ڕه‌شید، وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند"به‌پێی بڕیارێك له‌م مانگه‌وه‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕێگه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌تی داراییه‌وه‌ ڕێنمایی نوێی ده‌ركردووه‌ به‌ مه‌به‌ستی زیادكردنی باج له‌سه‌ر جگه‌ره‌و ماده‌ كحولی و زیانبه‌خشه‌كان".

رێكه‌وت حه‌مه‌ره‌شید، ئه‌وه‌شی خسته‌روو، زیادكردنی باج له‌سه‌ر ماده‌ی زیانبه‌خشی هاورده‌كراو له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی پێشكه‌وتووش په‌یڕه‌وده‌كرێت، به‌ ئامانجی كه‌مكردنه‌وه‌ی زیانه‌كانی ئه‌و ماده‌یه‌و كه‌متر هاورده‌كردنی.

 هاوكات ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنه‌وه‌ی ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ 20ى ئایارره‌وه‌ تاوه‌كو 31 ئایار هه‌ڵمه‌تێكی له‌ ژێر ناونیشانی "جگه‌ره‌ و نێرگه‌له‌ كێشان مرۆڤ خۆیی و ده‌وروبه‌ری ده‌كوژێت" ده‌ستپێكردووه‌.

لوقمان شێروانی، سه‌رۆكی لێژنه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی جگه‌ره‌ و نێرگه‌له‌ له‌ ده‌سته‌ی پاراستن وچاككردنی ژینگه‌ به‌ دواڕۆژی ڕاگه‌یاند"هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ به‌هاوكاری وه‌زاره‌تی بازرگانی و ته‌ندروستی و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگایی مه‌ده‌نی بودجه‌ی بۆته‌رخانكراوه‌ به‌ئومێدی هۆشیاركردنه‌وه‌ی هاووڵاتیان له‌سه‌ر زیانه‌كانی جگه‌ره‌و نێرگه‌له‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌مترین نرخ بۆ جگه‌ره‌ دانراوه‌ كه‌ له‌ هیچ وڵاتێكی دیكه‌دا وێنه‌ی نییه‌و ئه‌م هه‌رزانیه‌ كاریگه‌یی خراپی هه‌یه‌و باشترین ڕێگه‌ش ئه‌وه‌یه‌  نرخی جگه‌ره‌ به‌رزبكرێته‌وه‌و كواڵێتیه‌كه‌ی باشتربكرێت".
وتیشی " وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بڕیاری ڕاگرتنی مۆڵه‌تی كێشانی نێرگه‌له‌ی داوه‌، به‌ڵام هه‌ندێك كافتریا به‌شێوه‌ی نایاسایی دایده‌نێن".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە