کورد و سەدەیەک گۆڕانکاری

هەواڵ / چاوی تۆ :: 26/05/2018‌ :: 582‌ جار بینراوە

ئارام ئازاد
شتێکی حەتمیە کە هەموو نەتەوەیەک بەتایبەتی نەتەوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خولیای گۆڕانکاریین، كورد سەرداری ئەم خولیای گۆڕانکاریەیە، ئارەزوو و خۆزگەی ئەوەیە گۆڕانکارییەک بکات کە داینەمۆکەی نەوەیەکی تازە بێت بە رۆحیەتی کوردانەی هاوچەرخ و بیرکردنەوەیەکی ئەوروپیانەی سەردەم بۆ بنیادنانی سیستمێکی نوێی ناوازە کە هەموو پایەکانی ئازادی، مافی مرۆڤ، دیموکراسی و خۆشەویستیی نیشتیمان لەو نەوە تازەیه‌دا بەدیبکات، بۆ ئەو گۆڕانکارییە ڕیشەیەش هەمیشە دژ و لایەنگر هەبووە بەوەی کە کۆمەڵێکی بەرژەوەندیی هەمیشە وای نیشان دەدەن ئەوەی دژی دەسەڵات بێ 'ئاژاوەچی و بەڵتەجیە'، ئەوان لەوە بێئاگان کە ئاگرێک سەری هەڵداوە کڵپەکەی ئەو چینەیە کەوا ئاستی تێگەیشتنیان گەیشتۆتە قۆناغێک کە دەیانەوێ ببینن کاریگەریی تێکشکاندنی چینە فەرمانڕەوا و دەسەڵاتدارەکان لە کات و قۆناغی جیاوازدا لەلای گەلانی پێشکەوتوو چۆن و بەهۆی چی بووە و چۆن زاڵ بوون بەسەر سیستمی دەرەبەگایەتی دەسەڵات. ئەوانە نایانەوێ وڵاتەکەیان بکەوێتە لێواری مەترسی و باوەڕیان بە دیموکراسی و دەستاودەستکردنی ئاشتیانە هەیە و دروشمی دەستاودەستکردنەکەیشیان ئەوەیە کە چی تر نابێت دەسەڵات لە دەست کۆمەڵێکدا بێت کە شایستەیی و لێهاتویی ئەوەیان تێدانەبووە کە رابەرایەتی گەل و نەتەوە  بکەن چونکە لە بەدبەختی زیاتر بەرهەمی تریان نەبووە.
تەنها لێرەدا بە ڕوونی رۆڵ و کاریگەریی پیاوانی ئایینی دەبینین کە ئایا دین چۆن بەکاردێنێ و چۆن ئەو هاوکێشەیە بۆ خەڵکی دیندار روون دەکاتەوە؟ چونکە ئەو چەکەی پیاوی ئایینی بە دەستیەوەیەتی فیشەکەکەی سەد هێندەی فیشەکی چەکی ئاسایی کاریگەرە، ئەویش ئەو مینبەرەیە کە خەڵکی لە چوارچێوەیدا کۆدەکاتەوە. 
نموونەی بەرجەستکاریش زۆرە، کاتێک پاپای ڤاتیکان لەناو ئاپۆڕای جەماوەری لایەنگرانی ئایینی مەسیح لە ساڵی 1981 درایە بەر دەستڕێژی گولـلە خۆشبەختانە نەکوژرا و دوای دەستگیرکردنی تاوانبار 'محمد ئاغا'ی تورکی موسڵمانی ئیسڵامی، پاپا دوای چاکبوونەوەی سەردانی کرد لە زیندان و لێیخۆشبوو، ئەوەش هەموو بۆ ئەوەی بیری توندوتیژی لەبیری لایەنگرانی مەسیح بباتەوە کە چاوەڕێی ئەوەبوون پاپا ڕەزامەندیی ئەوەیان پێبدات هێرش بکەنە سەر موسڵمانی دانیشتووی ئیتاڵیا. بەڵام پاپا هەموو ئەو دڵەڕاوکێیانەی ڕەواندەوە و لێبووردە بوو بەرامبەر بەو کەسەی کە ڕەنگە جەنگێکی خوێناویی لە نێوان مەسیح و ئیسلام بەرپا کردبا.
 لێرەدا گرنگیی بەکارهێنانی ئایین دەبینین بۆ ئەوەی بیری توندوتیژیی لە مێشکی خەڵکی دیندار بهێنێتە دەرەوە لەبریی ئەوەی هانیان بدەن بۆ ئەوەی پشتێنی تی ئێن تی لەخۆیان ببەستن و لەژێر ناوی پیرۆزی'الله اکبر' خۆیان بە خەڵکی هەژار و کاسبکاردا بتەقێننەوە یا لە بریی ئەوەی لە کەنیسەکاندا فەتوای کوشتنی کەسێکی باوەڕداری ئیسلامی لە بۆڕما دەربکەن، فێریان بکەن کە بتوانن کارامەیی خۆیان لە دروستکردن و بنیادناندا بەکاربخەن.
خراپترین جۆری بیرکردنەوە و تێگەیشتن ئەوەیە کە چەمکی "چاکسازی" و "کۆدەتا" و "ڕاپەرین" لەگەڵ شۆڕش تێکەڵبکرێت. ئەو تێگەیشتنە وڵات بەرەو وێرانە دەبات و هەموو جوانیەکان دەسرێتەوە و بە توندوتیژی کۆتایی دێت. لە هەمانکاتدا ئەو پرسیارانەی کە پێویستە دەسەڵاتی سیاسی لەخۆیی بکات ئەوەیە کە "بۆچی ئەو سیستمە سیاسیەی ئەوان پەیڕەوی دەکەن زیاتر لە سیستمە سیاسیەکانی تری وڵاتانی تر رووبەڕووی مەترسیی راپەڕین دەبێتەوە؟" بۆچی لەو وڵاتە خەڵک لە ورد و درشت ناڕازییە؟" "بۆچی ڕێژەی بێکاریی زۆرە؟".
نەتەوەی کورد لە نەتەوەکانی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جیاوازە، ئەو بەهارە عەرەبیەی کە نەتەوه‌ی عەرەب شانازیی پێوە دەکات کورد لە ساڵی ۱۹۹۱دا ئەنجامیداوە، کەواتە قۆناغێک لە پێش عەرەبەوەیە کە تەمەنی ئەو قۆناغە نزیکەی ۲٠ ساڵە، بەڵام ئایا بزووێنەرانی راپەرین لە بەڕێوەبردنی دەستکەوتەکانی راپەرین سەرکەوتوو بوون ! وەلێ بەبەراورد بە نەتەوەکانی ئەوروپی سەد ساڵی تەمەن لە دواوەین. کاتێک میلـلەتانی دوای جەنگی جیهانیی دووەم ئەسپی خۆیان تاودا و کەوتنەخۆ بۆ دروستکردنی نەتەوە و نەوەیەکی بیرهاوچەرخ و دوور لە فاشیستی و پڕ لە نیشتمانپەروەریی، نەتەوەی کورد بەپێی واقیعە جوگرافیە خراپەکەی سەرەتای دەستپێکردنەوەی شۆڕشی چەکداریی بوو دژی ئەو دەوڵەتە زلهێزانەی دەوریان گرتبوو، بەوپێیە دەبوو هێمای شکست و سەرکەوتن بکەنە ئەگەری یەکەم و ئەخیر و نەدەبوو چاویان لە دوورتر بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئەگەر بهاتایە قابلیەتی ئەوەیان تێدابوایە کە دەوڵەتێکی وەک بریتانیا لەسەر خاکەکەیان بهێڵنەوە و حوکمی ئەوانیان بۆ چەند ساڵێک زیاتر قبووڵ بوایە ئەوا ئەگەری ئەوە هەبوو چەند دەیەیەک دواتر وەک نەتەوەکانی ناوەڕاست و باشوری ئەفریقیا دەوڵەتێکی سەربەخۆیان ڕاگەیاندبا و لە کۆلۆنیالیزم رزگاریانبوایە، بەوەش تەنها چەند ساڵێک دەکەوتنە دوای دەوڵەتانی ئەوروپی، لە ئاکامی ئەوەی دابەشببوون بەسەر تیرە و عەشیرەت و هەر یەکێک خۆی لەویتر پێ قارەمانتر بوو لە خزمەتکردنی بێگانە لە ژێر ناوی نیشتیمانچێتی و مافی کورد، ئەوەشیان لەباربرد. 
ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێبدرێت ئەوەیە کە ئەو نەوەیه‌ی دوای جەنگ چەندە خەتاباربوون لەوەی بەسەر کورد دێت، نەوەی جەنگیش بە هەمان پێوەر و بگرە زیاتریش خەتابار بوون، هەموو ئەوەش لە ئاکامی یەکنەگرتوویی کورد بووە لە گشت موناسەبەکاندا، نەک بەهێزیی داگیرکەر چونکە هەرچەند داگیرکەر بەهێزیش بووبێت هەمیشە رێنیشاندەرێک هەبووە کە دەجار زیاتر بەهێزی کردوون و بەداخەوە ئەو ڕێنیشاندەرەش کورد بووە.
کورد دەبێت چاوی لەو ئاسۆیە بێت کە هەمیشە هیوا و ئومێد ببەخشێتە نەوەی ئایندە، بەڵام حەزی پارە و دەسەڵاتی دوو ڕۆژە، بەرچاوی تاریک کردووە لە هەموو سەردەمێک و هەمیشە دوژمن ئەو دەرچەیه‌ی دۆزیوەتەوە کە چاوساغێک لەناوماندا بچێنێت و بۆ بەیانی ئیشی پێبکات و دووبارە خەونی چەند دەیەیەکی تری پێ لەناوببات.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure