سامان گه‌رمیانى: هه‌فته‌ى داهاتوو كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى ئه‌نجام ده‌درێت

هەواڵ / کوردستان :: 25/05/2018‌ :: 762‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان ئاشكرایده‌كات، هه‌فته‌ى داهاتوو ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى حزبه‌كه‌یان كۆده‌بنه‌وه‌ و باس له‌ به‌ستنى كۆنگره‌ یان ئه‌نجامدانى پلنیۆم ده‌كه‌ن و ئاماده‌كاریش ده‌كه‌ن بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان.


سامان گه‌رمیانى، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان، به‌ دواڕۆژى وت "بڕیاره‌ هه‌فته‌ى داهاتوو كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى ئه‌نجام بدرێت و تێیدا باس له‌ به‌ستنى كۆنگره‌ى حزب یان پلنیۆم بكرێت".

وتیشى "له‌ ئێستادا بۆچوونێك هه‌یه‌ كه‌ پلنیۆم بكرێت كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ به‌شێكى زۆر له‌ سه‌ركردایه‌تى و  مه‌كته‌بى سیاسى ده‌گۆڕدرێت، تا ئه‌و كاته‌ى كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌بن، دواتر كۆنگره‌یه‌كى رێك و پێك ببه‌سترێت".

سامان گه‌رمیانى، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ى گۆڕانكارییه‌كانى ناو یه‌كێتى و په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێم و پێكهێنانى حكومه‌تى داهاتووى عێراق ده‌كه‌ین".

ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ى یه‌كێتى، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو "هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ چۆنیه‌تى خۆئاماده‌كردن ده‌كه‌ین بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان".

جه‌ختیشى كرده‌وه‌ "تا ئێستا باسمان له‌ دانانى كاندیدێك بۆ پۆستى سه‌رۆك كۆمارى عێراق نه‌كردووه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تى باسى ده‌كه‌ین".

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure