نرخى نه‌وت به‌شێوه‌یه‌كى كتوپڕ داده‌به‌زێت

هەواڵ / ئابوری :: 25/05/2018‌ :: 1121‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
ئه‌مڕۆ هه‌ینى بۆ  چواره‌م رۆژ له‌دواى یه‌ك، نرخه‌كانى نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانى ئه‌وروپادا بۆ كه‌مترین نرخى دوو هه‌فته‌ى رابردوو دابه‌زی، ئه‌وه‌ش دوایئه‌وه‌ى هه‌ردوو گه‌وره‌ به‌رهه‌مهێنه‌رى نه‌وت ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌كرد، پێداچوونه‌وه‌ به‌ بڕگه‌كانى رێككه‌وتنى كه‌مكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت ده‌كه‌ن.


كاتژمێر 2:30ى پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ به‌كاتى هه‌ولێر، به‌هاى گرێبه‌سته‌ دواخراوه‌كانى نه‌وتى خاوى برێنت به‌رێژه‌ى 2.46% دابه‌زی به‌رمیلێك به‌ 76دۆلار و 85 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌كرا، نه‌وتى خاوى خۆرئاواى تێكساسیش (WTI) به‌رێژه‌ى 2.19% هاته‌خواره‌وه‌ و به‌رمیلێك به‌ 69 دۆلار و 14 سه‌نت فرۆشرا، لە کاتێکدا ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا یەک بەرمیل نرخی خاوی برێنت لە سەروو 80 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەکرابوو.

دوێنى پێنجشه‌ممه‌ ئه‌لیكسه‌نده‌ر نۆڤاك، وه‌زیرى وزه‌ى روسیا رایگه‌یاند، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى حوزه‌یراندا، به‌رهه‌مه‌هێنه‌رانى نه‌وتى (ئۆپێك) ئه‌گه‌ر بینیان بازاڕه‌كان هاوسه‌نگن، كۆتوبه‌نده‌كانى رێككه‌وتنى كه‌مكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت "به‌هێمنى" سوك ده‌كه‌ن.

ئه‌مڕۆ هه‌ینیش نۆڤاك رایگه‌یاند، له‌ خالید فایح، وه‌زیرى نه‌وتى سعودیه‌ گفتوگۆیان كردوه‌ بۆ سووككردنى خاڵه‌كانى رێككه‌وتنى كه‌مكردنه‌وه‌ به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت.

بڕیاره‌ رۆژى 22 حوزه‌یران وڵاتانى به‌رهه‌مێنه‌رى نه‌وت له‌ ئۆپێك و به‌رهه‌مهێنه‌ره‌ سه‌ربه‌خۆكان له‌ ڤیه‌ننا كۆببنه‌وه‌ بۆ گۆڕانكاریكردن له‌رێككه‌وتنى كه‌مكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مهێنانى به‌ بڕى 1.8 ملیۆن به‌رمیلى رۆژانه‌، كه‌ تا كۆتایی ئه‌مساڵ به‌رده‌م ده‌بێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure