مه‌لا به‌ختیار: پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کورد و یەکێتییە

هەواڵ / کوردستان :: 25/05/2018‌ :: 1335‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕى مه‌كته‌بى سیاسى، یه‌كێتى نشتیمانى كوردستان، دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى شاندى یه‌كێتى له‌ به‌غدا رایگه‌یاند، له‌ به‌غد 12 كۆبونه‌وه‌مان ئه‌نجامدا، جگه‌ له‌ بینینى سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكى حیزبه‌كان، باڵوێزی توركیا و ئێرانیشمان بینى، وتیشی "پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کورد و یەکێتییە".


پاشنیوه‌ڕۆ ئه‌مڕۆ هه‌ینى 25ى ئایار، دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى شاندنى یه‌كێتى نشتیمانى كوردستان له‌ به‌غدا، له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى سلێمانى له‌ كۆنگرەیه‌كى رۆژنامه‌نوسیدا كه‌ دواڕۆژ ئاماده‌یبوو رایگه‌یاند، له‌ سه‌ردانمان بۆ به‌غدا، جگه‌ له‌ سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆكى حیزبه‌ سیاسییه‌كان و سه‌رۆكى لیسته‌ براوه‌كانمان و كونسوڵى ئێران و توركیاشمان بینى و به‌گشتى 12 كۆبونه‌وه‌مان ئه‌نجامدا.

راشیگه‌یاند، بۆ ئه‌وه‌چووین بۆ به‌غدا، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ بۆچوونى هه‌موو لایه‌نه‌كانى عێراق تێبگه‌ین و ئه‌وە بزانین له‌ پشتى په‌رده‌و له‌سه‌ر گۆڕه‌پانه‌كه‌ هه‌یه‌ چیه‌.
 
رونیشیكرده‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌چوین كه‌ بزانین چۆن به‌شدارى بكه‌ین و به‌شدارى یه‌كێتیش پێویستى به‌ كۆوبونه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تى و مه‌كته‌بى سیاسى هه‌یه‌.

له‌ وه‌ڵامى پرسیارێكى دواڕۆژیش سه‌باره‌ت به‌ بایكۆتى حیزبه‌ كوردییه‌كان مه‌لا به‌ختیار وتى "پێیمان خۆش  نییه‌، هیچ لایه‌نێك بایكۆت بكات، له‌ كۆتاییدا هه‌ر حیزێك به‌رپرسیاره‌ له‌ سیاسه‌تى خۆى، ئه‌گه‌ر بایكۆتیش بكه‌ن ئێمه‌ له‌گه‌ڵ پارتى به‌ پرۆژه‌یه‌كى هاوبه‌ش به‌شدار ده‌بین".

ده‌رباره‌ى سه‌ردانه‌كه‌ى برێت ماكگۆرك، بۆ سلێمانى كه‌ پرسیارى دواڕۆژ بوو، مه‌لا به‌ختیار وتى "ماكگۆرك بۆئه‌وه‌هات بۆ سلێمانی تا گشت لایه‌نه‌كان هان بدات به‌شداربن و بایكۆت نه‌كه‌ن، هه‌روه‌ها جه‌ختیكردەوه‌، كه‌ په‌له‌بكه‌ین له‌ پێكهێنانى حكومه‌تى نوێ".
 
مه‌لا به‌ختیار وتیشى "له‌گه‌ڵ لایه‌نى براوه‌ى سه‌ره‌کى كوردستان كه‌ پارتییه‌، پێویستمان به‌ گفتوگۆكردنه‌، بۆئه‌وه‌ى به‌ پرۆژه‌یه‌كى هاوبه‌ش بچینه‌وه‌ بۆ به‌غدا بۆ دانوستانه‌كان.
باسی لەوەشکرد، له‌ عێراق پابه‌ندبوون به‌ ده‌ستور نییه‌ و ئه‌نجامدانى ریفراندۆمیش زاده‌ى جێبه‌جێنه‌كردنى ده‌ستور بوو.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure