رۆژنامه‌نووسێكی دیاری كورد كۆچی دواییكرد

هەواڵ / کوردستان :: 25/05/2018‌ :: 3846‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نه‌زیر عه‌لی
رۆژنامه‌نووس و شاعیری كورد (خه‌ڵه‌ف زێباری) دامه‌زرێنه‌ری به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا، له‌ ته‌مه‌نی 70 ساڵیدا به‌هۆی نه‌خۆشییەوە له‌ ویلایه‌تی ڤێرجینای ئه‌مریكا كۆچی دواییكرد.

خسرۆ زێباری، برازای خه‌ڵه‌ف زێباری بۆ دواڕۆژ وتی "دره‌نگانی شه‌وی رابردوو خه‌ڵه‌فی زێباری، به‌هۆی نه‌خۆشییه‌ك، كه‌ 5 ساڵه‌ تووشی بوو، كۆچی دواییكردووه‌ و تا ئێستا خێزانه‌كه‌ی بڕیاری كۆتایی له‌سه‌ر شوێنی به‌خاكسپاردنى نه‌داوه‌".

خه‌ڵه‌فی زێباری، ساڵی 1945 له‌ گوندی بانیێی سه‌ر به‌قه‌زای ئاكرێ له‌ دایكبوو ساڵی 1974 په‌یوه‌ندی به‌ شوڕشی ئه‌یلول ده‌كات، وه‌ك بێژه‌ر چه‌ندین ساڵ له‌ ئێزگه‌ی كوردی شۆڕش كارده‌كات.

 ساڵی 1978 چووه‌ته‌ وڵاتى ئه‌مریكا و ساڵى 1991 به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكاى دامه‌زراند و له‌گه‌ڵ ئه‌م رۆژنامه‌نوسه ناودارانه‌ی‌ به‌شكی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا (هومه‌ری شێخ موس، فه‌خریا دوسكی، ده‌خیل شه‌مۆ، موعتبه‌ر شێروانی و، جیهان سندی...هتد) تا ساڵی 2013 به‌رده‌وام بووه‌.

زێباری جگه‌ له‌ كاری رۆژنامه‌نوسی شاعیریش بووه‌، دوو كتێبى به‌ناوه‌كانی( به‌نگینێ زێباری، زێرێ ره‌ش)  چاپ و بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

رۆژنامه‌نوسی كۆچكردوو كوڕێك و كچێكی هه‌یه‌ كه‌ ئێستا له‌ ئه‌مریكان و له‌گه‌ڵ كه‌سوكاری خۆیان قسه‌یان كردووه‌ كه‌ حه‌زده‌كه‌ن تەرمی باوكیان له‌ئه‌مریكا به‌خاكبسپێردرێ. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure