هەڵەبجەییەكان داوای 182 منداڵی ونبوو دەكەن

هەواڵ / کوردستان :: 25/05/2018‌ :: 477‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
لە ڕۆژی جیهانی منداڵانی ونبوودا، له‌مەراسیمێكی تایبەتدا كه‌ له‌ هۆڵی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە كە  نوێنەری ڕێكخراوی ICMP نێودەوڵەتی و پارێزگاری شارەکە و كەسوكاری منداڵە ونبووەكان ئاماده‌ی بوون بەڕێوەچوو، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی پارێزگاکە داواى چاره‌نوسى مناڵه‌ ونبووه‌كان ده‌كات.


لوقمان عەبدولقادر، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی منداڵانی ونبوو كە ساڵانە لە 25/5 بەڕێوە دەچێت، ئێمەش وەك هەڵەبجەییەكان بەدەرنین لەو قوربانیانەی كە بەهۆی شەڕ و كیمیابارانەوە دەیان منداڵی خەڵكی ئەم شارەمان ونبوون و تا ئێستاش چارەنوسییان نادیارە، بۆیە بە پێویستمان زانی ئەمڕۆ ئەو یادە بكەینەوە و لایەنە پەیوەندیدارەكان بە ئاگا بهێنینەوە لەو بابەتە".

راشیگه‌یاند "بە گوێرەی دواین ئامار كە كۆمەڵەكەمان تۆماری كردووە، 73 خێزانی هەڵەبجەیی منداڵییان ونبووە، لەو ژمارەیەش داوای دۆزینەوەی 183 منداڵ دەكەن، كە زۆربەیان لە كاتی كیمیابارانی هەڵەبجەدا لە شارەكانی ئێران ونبوون، بە تایبەت لە نەخۆشخانەكانی ئەو وڵاتەدا".

سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە ئەوەشی وت "پێشتر چەندین كێشە دروستبووه‌ لە دۆزینەوەی خێزانی ڕاستەقینەی ئەو منداڵانەی كە منداڵی دۆزراوەی هەڵەبجەیی بوون، بەڵام لە ئێستادا ئەو دۆسیەیە لە لایەن دادگاوە یەكلایی دەكرێتەوە تا ڕادەیەك گرفتەكانی ڕابردوو كەمتر دووبارە دەبنەوە".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure