حزبە تورکمانییەکان: قبوڵی ناکەین پۆستی پارێزگاری کەرکوک بدرێتەوە به‌ كورد

هەواڵ / کوردستان :: 25/05/2018‌ :: 699‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری
بۆ 13یه‌مین رۆژ مانگرتنی حزبە تورکمانییەکانی کەرکوک لەبەردەم کۆگای کۆمیسیۆن بەردەوامە، کاتژمێر 11ی شەوی رابردووش حزبە بەشداربووەکانی مانگرتنە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان رێکخست.


عەلی موفتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی تورکمان ئیلی لەکۆنگرە رۆژنامەوانێکەدا رایگەیاند: کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان تەواوی ئەو کاردانەوانە لەئەستۆ دەگرێت لەکاتێکدا ئەگەر داواکاری تورکمانەکان رەتبکاتەوە سەبارەت بەدووبارە بژاردنەوەی دەنگەکانی کەرکوک.

وتیشی "ئێمە بەردەوام دەبین لەمانگرتنەکەمان و هەموو رێكکاره‌ یاسایی و دەستورییەکان دەگرینەبەر، پێویستیشە حزبە تورکمانییەکان هەڵوێستێکی رونتر و بوێریتریان هەبێت بۆ بەدەستهێنانەوەی مافەکانمان".

هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا محەمەد سەمعان بەرپرسی رێکخستنەکانی بەرەی تورکمانی وتی  "سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ بەدواداچون لەبارەی داواکارییەکانی مانگرتوانی کەرکوک و پێویستە بەزوترینکات دەست بەکارەکانی بكات و راستییەکان بۆ رایگشتی بڵاوبکاتەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە بەهەموو شێوەیەک ئەو دانوستانانە رەتدەکەنەوە کە لەبەغدا لەنێوان لایەنەکاندا ئەنجامدەدرێت، چونکە قبوڵی ناکەن جارێکیتر پۆستی پارێزگار بدرێتەوە  به‌ کورد و رێگا بدرێت هێزی ئاسایش بگەڕێتەوە کەرکوک.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure