رۆژی شەممە جڤاتی نیشتمانی گۆڕان كۆدەبێتەوە و بڕیار دەدات

هەواڵ / کوردستان :: 24/05/2018‌ :: 24042‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
ئه‌ندامێكى خانه‌ى راپه‌ڕاندنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ئاشكراى ده‌كات، رۆژى شه‌ممه‌ى داهاتوو جڤاتى نیشتمانى بزوتنه‌وه‌كه‌یان كۆده‌بێته‌وه‌ و تاوتوێى پرسى هه‌ڵبژاردنه‌كان و به‌شداریكردنیان له‌ پرۆسه‌ى سیاسى عێراق ده‌كه‌ن و بڕیارى له‌باره‌وه‌ ده‌ده‌ن.


ره‌ئوف عوسمان، ئه‌ندامى خانه‌ى راپه‌ڕاندنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، به‌ دواڕۆژى وت "بڕیاره‌ رۆژى شه‌ممه‌ 26ى ئایار جڤاتى نیشتمانى گۆڕان كۆببینه‌وه‌ و تاوتوێى پرسه‌ گرنگه‌كانى ئێستاى هه‌رێم و عێراق بكه‌ین".

وتیشى "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تاوتوێى ده‌رهاویشته‌كانى هه‌ڵبژاردن و ساخته‌كارییه‌كان ده‌كه‌ین، هه‌روه‌ها باس له‌ كاریگه‌رى ئه‌و ساخته‌كارییانه‌ ده‌كه‌ین له‌سه‌ر دواڕۆژى دیموكراسیه‌ت له‌ هه‌رێمى كوردستان و دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌ ده‌ستاوده‌ستكردنى ده‌سه‌ڵات و بێهیواكردنى هاوڵاتیان".

ره‌ئوف عوسمان، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ باس له‌ ئاماده‌كارییه‌كان ده‌كه‌ین بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان و هه‌وڵدان بۆ رێگرى له‌ ساخته‌كارى به‌تایبه‌ت به‌شێوه‌یه‌ك ده‌نگدان به‌ ئه‌لكترۆنى نه‌بێت و به‌ ده‌ست ده‌نگه‌كان هه‌ژمار بكرێن".

جه‌ختیشى كرده‌وه‌ "ده‌مانه‌وێت كارێكبكه‌ین هه‌ڵبژاردنى كوردستان دووربخرێته‌وه‌ له‌ ده‌ستى وڵاتانى ده‌وروبه‌ر و یه‌كێتى و پارتى بۆ ئه‌وه‌ى ساخته‌كارى نه‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ى به‌ شێوه‌یه‌كى دیموكراسى ده‌نگدان بكرێت و هه‌ر لایه‌نه‌ و ده‌نگى خۆى بزانێت".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى خانه‌ى راپه‌ڕاندنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو "یه‌كێك له‌ ته‌وه‌ره‌ گرنگه‌كانى كۆبوونه‌وه‌ى جڤاتى نیشتمانى، تاوتوێكردنى پرسى به‌شداریكردن یان نه‌كردنى گۆڕان ده‌بێت له‌ پرۆسه‌ى سیاسى عێراق و حكومه‌تى داهاتوو، ئه‌مه‌ش بڕیارى له‌باره‌وه‌ ده‌درێت".

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 24ى ئایار، جڤاتى گشتى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان كه‌ جڤاتێكى راوێژكارییه‌ كۆبۆوه‌ و هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ى تاوتوێیان كردووه‌، وه‌ك راسپارده‌ ئاڕاسته‌ى جڤاتى نیشتمانى ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بڕیارى له‌باره‌وه‌ بدات.
 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure