نرخى به‌نزین دابه‌زێنرا

هەواڵ / ئابوری :: 24/05/2018‌ :: 49396‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سامان قوبادى
پارێزگارى سلێمانى ئاشكراى ده‌كات، دواى كۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بازرگانان و خاوه‌نى به‌نزینخانه‌كانى سلێمانى، بڕیاریانداوه‌ به‌ دابه‌زاندنى نرخى به‌نزین، ئه‌مه‌ش به‌ نه‌هێشتنى ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ى له‌به‌رده‌م هاورده‌كردنیدا هه‌یه‌.


هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگارى سلێمانى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ بازرگانان و خاوه‌نى به‌نزیخانه‌كانى سلێمانى كۆبوینه‌وه‌، به‌مه‌به‌ستى باشتركردنى كوالێتى به‌نزین دابه‌زاندنى نرخه‌كه‌ى، هه‌روه‌ها ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ى دروستكراون له‌به‌رده‌م ئه‌م كه‌رته‌دا نه‌هێڵرێن".
 
سه‌باره‌ت به‌ هۆكارى به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى به‌نزین پارێزگارى سلێمانى وتى "به‌هۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ سوته‌مه‌نى له‌ ناوچه‌كانى خواروى عێراق نه‌ده‌هاته‌ هه‌رێمى كوردستان، هاوكات به‌هۆى گرابوونى سوته‌مه‌نى له‌ بۆرسه‌ى جیهانیدا، ئه‌مانه‌ هۆكاربوون بۆ به‌رزبونه‌وه‌ى نرخه‌كه‌ى، ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ى له‌پێناوى پاراستنى كوالێتیدا رێگریمان له‌ به‌نزینى ئێرانى كردووه‌، چونكه‌ ئه‌م به‌نزینه‌ى له‌ ئێرانه‌وه‌ هاورده‌ ده‌كرێت ترانزێته‌وه‌ ئێرانى نییه‌ و پترۆكیمیاییه‌ و زیان به‌ خه‌ڵك ده‌گه‌یه‌نێت".

هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر ئاشكراشیكرد" له‌ چه‌ند رۆژى داهاتوودا نرخى به‌نزین داده‌به‌زێت و وه‌ك جاران جێگیرده‌بێت، پارێزگاى سلێمانیش رۆژانه‌ پێویستى به‌ 2 ملیۆن و 500 لیتر به‌نزین هه‌یه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ى به‌زر نه‌بێته‌وه‌ و زیاتر دابه‌زێت پێویسته‌ حكومه‌تى هه‌رێم سوته‌مه‌نى بدات به‌ پاڵاوتگه‌كانى كار و سورقاوشان و بازیان بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن به‌شه‌ سوته‌مه‌نى پێویست بۆ بازاڕ دابین بكه‌ن".

ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكرد پێویسته‌ ئه‌و بازرگانانه‌ى له‌ ده‌ره‌وه‌ به‌نزین هاورده‌ ده‌كه‌ن ئاسته‌نگیان بۆ دروست نه‌كرێت و نرخ له‌سه‌ریان گران نه‌كرێت، به‌ڵكو هانبدرێن بڕێكى زۆرتر له‌كاتى خۆیدا هاورده‌ بكه‌ن. 
 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure