سه‌در بۆ نوێنه‌رى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان: ده‌بێت بڕیاره‌كان عێراقى و نیشتمانى بن

هەواڵ / عێراق :: 24/05/2018‌ :: 357‌ جار بینراوە

 دواڕۆژ
موقته‌دا سه‌در له‌ پێشوازیكردنى یان كۆبیچ نێرده‌ى تایبه‌تى ئه‌منیدارى گشتى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌، پێداگرى كرده‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ده‌بێت، بڕیاردان له‌ عێراقدا، نیشتیمانى و عێراقى بێت، هه‌روه‌ها داوشیكردووه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان رۆڵى هه‌بێت له‌ ده‌رچوونى عێراق له‌ تونێلى تایه‌فه‌گه‌رى و پشكپشكێنه‌ى بێزراو.


به‌پێى به‌یاننامه‌یه‌كى نووسینگه‌ى ره‌وتى سه‌در له‌ نه‌جه‌ف، دوێنێ 23ى ئایار موقته‌دا سه‌در سه‌رۆكى ئیئتلافى سائیرون و ره‌وتى سه‌در له‌باره‌گاى خۆى له‌گه‌ڵ یان كوبیچ نوێنه‌رى تایبه‌تى ئه‌میندارى گشتى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا كۆبووه‌ته‌وه‌، له‌و دیداره‌دا جه‌ختیكردۆته‌وه‌، كه‌ ده‌بێت بڕیارى عێراق، نیشتمانى و عێراقى بێت، پێویسته‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى پاڵپشتى زیاترى عێراق بكه‌ن بۆئه‌وه‌ى له‌و تونێله‌ى تایه‌فه‌گه‌رى و پشكپشكێنه‌ بێزاروه‌ ده‌رچێت.

سه‌در، داواشیكردووه‌، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان رێگرى بكات، له‌ ده‌ستوه‌ردانى ده‌ره‌كى و هه‌رێمایه‌تى بۆ دۆسیه‌ى هه‌ڵبژاردنى حكومه‌ت و پاڵپشتیكردنى دۆسیه‌ى مرۆیى و خزمه‌تگوزارى ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان به‌تایبه‌ت موسڵ، هه‌روه‌ها به‌شداریكردنى رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ گه‌یاندنى عێراق به‌ بارودۆخێك كه‌ ژیانێكى سه‌ربه‌رزانه‌ى تیابێت.

 

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure