پۆلیسی هەڵەبجە لەسەر بڵاوبوونەوەی وێنەیەک روونکردەوە دەدات

هەواڵ / کوردستان :: 23/05/2018‌ :: 7408‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمەسعید
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە، هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی وێنەێک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەخرێتەپاڵ پۆلیسی شارەکەو دەڵێت "پۆلیس ئەرکی خۆی جێبەجێکردووە".


لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، ڕائید بەرزان عوسمان، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجە رایگەیاند "دوێنێ لە کاتی ڕێکخستنەوەی ناوبازاڕی هەڵەبجە لەسەرداوای هاوڵاتیان هەڵمەتێکمان ئەنجامدا بۆ لابردنی عەرەبانە و دەستگێڕەکان، بەڵام هەندێک لە خاوەن عەرەبانەکان ئامادە نەبوون پابەندی بڕیارەکانی شارەوانی بن".

وتیشی "لەو هەڵمەتەدا یەکێک لە کارمەندەکانی پۆلیس تەرازوو لە یەکێک لەخاوەن عەرەبانەکان دەسێنێت کە پۆلیسەکە ئەرکی سەرشانی خۆی جێبەجێکردووە وهیچ مەبەستێکی نەبووە لە سوکایەتیکردن بەو خاوەن عەرەبانە، بەڵام لەوکاتەدا وێنەی دەگیرێت و لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاودەکرێتەوە".

وتەبێژەکەی پۆلیسی هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سوکایەتییەکی زۆر بەو کارمەندەی پۆلیس و خانەوادەی دەکرێت، بۆیە ڕایدەگەیەنین کە ئەو پۆلیسە هیچ مەبەستێکی سوکایەتیکردنی بە خاوەن عەرەبانەکە نەبووە، داواش لە هاوڵاتیان دەکەین بە وشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکاندا بکەن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure