کەنەدا رەتکردنەوەی داوای پەنابەرێتی زیاد دەکات

هەواڵ / جیهان :: 23/05/2018‌ :: 2110‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
کەنەدا داواکاری زیاتری پەنابەرێتی رەتدەکاتەوە لەلایەن ئەو کەسانەی بەنایاسایی لە سنوری ئەمریکاوە پەڕیونەتەوە و حکومەتەکەی جوستین ترودۆ بەنیازە هەزاران پەنابەر رەوانەی ئەمریکا بکاتەوە.


ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە لەوەتەی دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتی گرتۆتەدەست ٢٧ هەزار کەس لە سنوری ئەمریکاوە پەڕیونەتەوە کەنەدا و داوای پەنابەرێتی دەکەن ئەوەش سیستمی هاوکاری کەنەدای روبەڕووی تەنگەژە کردۆتەوە.

زۆرێک لەوانەی لە ئەمریکاوە پەڕیونەتەوە کەنەدا بە ئاژانسەکەیان راگەیاندوە کە ئەمریکایان جێهێشتووە بەهۆی سیسەتەکانی ترەمپ و گوتارە دژ بە کۆچبەریەکەی.

لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا تەنیا ٤٠%ی ئەوانەی کەیسی داواکاری پەنابەرێتیان پێشکەشکردوە داواکانیان پەسەندکراوە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٧ کە ٥٣% بوو.

بەرپرسانی کەنەدا لەو بڕوایەدان زیاتر لە ٩٠%ی ئەوانەی چونەتە کەنەداوە مەرجەکانیان تیادا بەدیناکرێت تا بە پەنابەر قبوڵ بکرێن. 

حکومەتی کەنەدا لەهەوڵدایە بۆ راگرتنی ئەو لێشاوی کۆچبەرە لەرێگەی کارکردنەوە بە رێکەوتننامەی سنوری نێوان ئەمریکا و کەنەدا کە بەپێی ئەو رێکەوتنە لە خاڵە سنورییەکانەوە پەنابەرەکان دەگێڕدرێنەوە، بەڵام رێگە بەو کۆچبەرانە دەدرێت کە لە دەرەوەی دەروازە سنوریە رەسمیەکانەوە دەچنە وڵاتەکەوە و داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن. 

بەمدواییانەش حکومەتی کەنەدا وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی خۆی ناردوە بۆ نایجیریا و داوای لە حکومەتی ئەو وڵاتە کردوە خەڵکی پەشیمان بکاتەوە لە پەڕینەوەیان بۆ کەنەدا و داواشی لە ئەمریکا کردوە ڤیزە نەدات بەو کەسانەی کە بەنیازن بچن بۆ کەنەدا.

بەگوێرەی زانیاریەکانی دەستەی کۆچ و کۆچبەرانی کەنەدا تائێستا ژمارەیەکی کەم لە داواکاریی ئەو کەسانە یەکلایی بۆتەوە کە لە سنورەکانەوە پەڕیونەتەوە و رێژەی قبوڵکردنیش نزمە بەتایبەتیش بۆ خەڵکی هایتی و نایجیریا.

وەرگێڕانی: کامەران ئەحمەد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure