کۆیلەکانی حزب

هەواڵ / چاوی تۆ :: 23/05/2018‌ :: 540‌ جار بینراوە

نوسینى: كۆشش به‌كر
هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێڕاق کۆتایی هات، تێبینی و بەڵگەی ساختەکارییەکان تا ئەم ساتە بەهەند وەرنەگیران، بەم دۆخەوە کورسیی لایەنەکان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق دیاریکرا.

ڕوونە، پاش ئەنجامەکانیش گفتوگۆ بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێتی و گەورەترین کوتلەی پەڕلەمانی دەستپێدەکات.

دوو ڕۆژە کۆیلەی حزبەکان کەوتوونەتە سەروگوێلاکی سەرکردەکانی یەکدی و نەک تۆمەتبارکردن و ڕەخنە بەڵکو ئەوپەڕی سووکایەتی به یەکدی دەکەن، کە نوێنەرانی ئەو لایەنانە دەچنە بەغدا و لەگەڵ موقتەدا و فڵان و فیسار کۆدەبنەوە.

ئەوەی تێبینییە ئەم کۆیلانەی حزب پێشتر بە دڵ و بە گیان کاریان بۆ حزبەکانیان دەکرد تا زۆرترین کورسیی لە بەغدا ببەنەوە و بە قەولی خۆیان (مافەکانی گەلی کورد)بەدەستبهێنن. لەم حاڵەتەدا چ چاوەڕوانییەک لە حزب دەکرێت، یان هەر وەک ڕابردوو کۆبوونەوەی نوێنەرانی لایەنە (سەرکەوتوو)ەکانی هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەت و پشکپشکێنەی حزبی دەستپێدکاتەوە.

تۆ کە خۆت وەک دەروێشێکی حزب ڕۆڵێکی کارات هەبووە لە گەیاندنی حزبەکەت بە پەڕلەمانی عێڕاق، چاوەڕوانی چی دەکەی؟ دەتەوێت کۆنەبنەوە؟ نەچنە پەڕلەمان؟ بەشداریی حکومەت نەکەن؟ مووچە و ئیمتیازاتی زەبەلاح ڕەتبکەنەوە؟ خانەنشینییە چەورەکە وەرنەگرن؟ گەمەی سیاسی بە مافەکانمان نەکەن؟ هتد...

هیوام وایە ڕۆژنامەنووس و کادری حزب و فەیسبوکنووسەکان و چی و چی، لەو وەهمە دەربچن کە بەم سووکایەتیە پێیان وابێت خزمەت بە خۆیان و ئاغاکانیان دەکەن و ژیانی ئەم خەڵکە بەرەو قۆناغی باشتر دەبەن. دوو ڕۆژە نووسینێکم نەدیوە ڕەخنە بێت، تۆ بڵێی ئەم حزبانە بایی ئەوەندەیان نەبێ كه‌ هەر یەکە و لای خۆمانەوە ڕەخنەیەکیان لێ بگرین!



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure