ئاژانسى ناسا و ده‌سته‌ى ژینگه‌ له‌باره‌ى ئاوى هه‌رێم هۆشدارى ده‌ده‌ن

هەواڵ / کوردستان :: 23/05/2018‌ :: 941‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
به‌پێى نوێترین داتاى ده‌سته‌ى ژینگه‌ى هه‌رێم ئاستى ئاوى كانیاو و ژێر زه‌وى له‌ هه‌رێمى كوردستان كه‌مبوونه‌وه‌ى به‌رچاوى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌.

به‌پێى راپۆرتێكى ده‌سته‌ى ژینگه‌ى هه‌رێمى كوردستان كه‌ كۆپییه‌كى ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه،‌ ئاوى ژێر زه‌وى له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ بارودۆخێكى خراپدایه‌ رۆژ له‌دواى رۆژ قووڵیى بیره‌كان زیادده‌بێ و بڕ و جۆره‌كه‌شى به‌ره‌و كه‌مبوون و پیسبوونى كیمیاویى و فیزیایى ده‌چێت.

ده‌سته‌ى ژینگه‌ ئاشكراشیكردووه‌، گۆڕانى كه‌شوهه‌وا له‌جیهان ساڵ به‌ دواى ساڵ بۆته‌هۆی‌ وشكبوون یان كه‌مبوونه‌وه‌ى بڕى ئاوى كانیاوه‌كان جگه‌ له‌ هۆكارى ترى وه‌كو لێدانى ژماره‌یه‌كى زۆر بیرى "پایل" دوور له‌ رێنماییه‌كانى دوورى له‌ كانیاوه‌كان.

به‌پێى ئه‌و داتا و ئاماره‌ى ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌، ده‌سته‌ى ژینگه‌ نمونه‌ى حه‌وت حه‌وزى ئاوى له‌هه‌رێمى كوردستان وه‌رگرتووه‌ له‌ ده‌ره‌نجام ده‌ركه‌وتووه‌ رێژه‌ى ئاو له‌ (4 بۆ 79) مه‌تر دووجا كه‌میكردووه‌.

ئاژانسى (ناسا) له‌نوێترین توێژینه‌وه‌یدا، كه‌ له‌ ڕێگه‌ى مانگى ده‌ستكردى (GRACE) تایبه‌ت به‌ ته‌كنه‌لۆژیاى گه‌ڕان به‌ دواى ئاوى سازگاردا ئه‌نجامیداوه‌ و له‌ (2002)ه‌وه‌ ده‌ستى به‌كاركردووه، هۆشداریده‌دات له‌باره‌ى كه‌مبوونه‌وه‌ى ئاو له‌ 19 وڵاتى جیهان.

ئاژانسى بۆشاییگه‌رى ئاسمانى ئه‌مریكا (ناسا) له‌و راپۆرته‌دا سه‌باره‌ت به‌ عێراق و سووریا ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌، له‌ عێراق و سووریا ئاوى سازگار رووى له‌ نه‌مانه‌ و ئه‌و دوو وڵاته‌ تێنووترین وڵاتى ناوچه‌كه‌ن.

ئاشكرایكردووه‌، 19 ناوچه‌ى جیهان رووبه‌ڕووى كه‌مئاوى و وشكیى ده‌بنه‌وه‌ له‌ نێویشیان عێراق و سووریا، كه‌ رووبه‌ڕووى قه‌یرانى كه‌م ئاوى ده‌بنه‌وه‌ به‌هۆى ئه‌و (22) به‌نداوه‌ گه‌وره‌یه‌ى توركیا له‌سه‌ر رووباره‌كانى دیجله‌ و فورات له‌ ماوه‌ى (30) ساڵى رابردوودا دروستیكردوون.

ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌ى ناسا ده‌شڵێت "عێراق و سووریا زۆرترین زیانیان به‌ركه‌وتووه‌ له‌جیهاندا و (%30)ى سه‌رچاوه‌ى ئاوى سازگاریان له‌ده‌ستداوه‌ و جگه‌ له‌ عێراق و سووریا، هه‌ریه‌ك له ناوچه‌كانى (هیندستان، خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، ویلایه‌تى كالیفۆرنیا، ئوسترالیا) زۆرترین ناوچه‌ى زیانمه‌ندن و رێژه‌یه‌كى به‌رچاوى سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كانیان له‌ده‌ستداوه‌".

ناسا هۆشداریشیداوه‌ له‌وه‌ى قه‌یرانى ئاو، قه‌یرانى سه‌ره‌كى ئه‌م سه‌ده‌یه‌ ده‌بێت، به‌وپێیه‌ى سه‌رچاوه‌كانى ئاوى سازگار له‌ زۆر ناوچه‌ى جیهان روویان له‌ له‌ناوچوون كردووه‌ به‌ تایبه‌تى ئه‌و ناوچانه‌ى ده‌كه‌ونه‌ نزیك هێڵى كه‌مه‌ره‌یى زه‌وى.

ئه‌و ئاژانسه‌، داواشده‌كات هه‌ر له‌ئێستاوه‌ كاربكرێت بۆ به‌رگرتن له‌ زیانه‌كانى كه‌مبوونه‌وه‌ى ئاو و هه‌وڵى رێگه‌گرتن له‌ له‌ناوچوو‌نى سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كان.

داتاى دابه‌زینى ئاستى ئاوى بیره‌كانى چاودێرى ئاوى ژێر زه‌وى له‌ 47 حه‌وزى هه‌رێم
:



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure