شاره‌زوور: له‌شه‌ڕێكدا دوو كه‌س كوژران و سێی دیکەش برینداربوون

هەواڵ / کوردستان :: 23/05/2018‌ :: 4107‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید
به‌هۆى دروستبوونى شه‌ڕ و ناكۆكى له‌ نێوان دوو بنه‌ماڵه‌ له‌ قه‌زاى شاره‌زوورى سه‌ر به‌ پارێزگاى سلێمانى دوو كه‌س كوژران و سێی دیكه‌ش برینداربوون، هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش له‌ هه‌وڵى كۆنتڕۆڵكردنى بارودۆخه‌كه‌دان.


كه‌مال ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنى نه‌خۆشخانه‌ى گشتى شه‌هید ره‌ئوف به‌گ له‌ شاره‌زوور به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، له‌ ئه‌نجامى دروستبوونى شه‌ڕ و ناكۆكى له‌نێوان دوو بنه‌ماڵه‌، پێنج كه‌س به‌ بریندارى گه‌یه‌نرانه‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌مان كه‌ بارى ته‌ندروستى دوانیان زۆر ناجێگیر بوو، بۆیه‌ له‌كاتى گواستنه‌وه‌یان بۆ نه‌خۆشخانه‌ى فریاكه‌وتنى سلێمانى یه‌كێك له‌ برینداره‌كان له‌ رێگەدا گیانى له‌ده‌ستدا و لە نەخۆشخانەش یەکێکی دیکە گیانی لەدەستدا کە برای کوژراوەکەیە.

وتيشى، برینداره‌كان ئاسه‌وارى چه‌قۆ و به‌رد به‌ جه‌سته‌یانه‌وه‌ دیار بووه‌، بارى ته‌ندروستى یه‌كێكى تر له‌ برینداره‌كانى دیكه‌ش ناجێگیره‌، بۆیه‌ دواى پێدانى چاره‌سه‌رى سه‌ره‌تایى، برینداره‌كانمان ره‌وانه‌ى نه‌خۆشخانه‌ى فریاكه‌وتنى سلێمانى كردووه‌، یه‌كێك له‌ كوژراوه‌كانيش ناوى (س. ح) ته‌مه‌نى 25 ساڵه‌.

به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، شه‌ڕه‌كه‌ له‌ به‌رده‌م بیناى دادگاى به‌رایى شاره‌زوور روویداوه‌، كاتێك ئه‌و دوو بنه‌ماڵه‌یە ئێواره‌ى دوێنێ له‌سه‌ر كێشه‌ى زه‌ویوزار ده‌بێته‌ كێشه‌یان، ئه‌مڕۆ هاتوون سكاڵا له‌سه‌ر یه‌كتر تۆماربكه‌ن، به‌ڵام له‌وێ ده‌بێته‌ شه‌ڕیان و ئه‌و رووداوه‌ى لێده‌كه‌وێته‌وه‌.  

بۆ رێگریكردن له‌ نه‌كه‌وتنه‌وه‌ى قوربانى زیاتر له‌و شه‌ڕه‌دا هێزه‌كانى پۆلیسى شاره‌زوور گه‌یشتونه‌ته‌ شوێنى رووداوه‌كه‌ و به‌ ته‌قه‌كردن بڵاوه‌یان به‌ هه‌ردوولایەنی شه‌ڕه‌كه‌ کردووە و بارودۆخه‌كه‌یان كۆنتڕۆڵكردووه‌.

له‌ دوو رۆژى رابردوودا ئه‌مه‌ دووه‌م شه‌ڕى هاوشێوه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر زه‌ويوزار رووده‌دات له‌ سنوره‌كه‌دا كه‌ به‌هۆیانه‌وه‌ چوار كه‌س كوژراون و هه‌شت كه‌سیش برینداربوون.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure