دواى 13 ساڵ پۆستێك ململانێ ده‌خاته‌ نێوان پارتی و یه‌كێتییه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 23/05/2018‌ :: 43781‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
له‌ 2005 و 13 ساڵ له‌مه‌وپێش كورد پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراقی گرته‌ ده‌ست، هه‌ر ئه‌وكات لیستی كوردستانی (پارتی و یه‌كێتی) رێككه‌وتن ئه‌و پۆسته‌ بۆ یه‌كێتی بێ و له‌به‌رامبه‌ردا پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ پارتی، ئێستا سه‌رۆكی هه‌رێم نه‌ماوه‌وهاوكێشه‌كه‌ گۆڕاوه‌و ئه‌و دوو حزبه‌ش پێده‌نێنه‌ ململنێیه‌كی تره‌وه‌.

دواى نه‌مانى پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى بارزانى، پارتى ده‌یه‌وێت پۆسته‌ سیادییه‌كه‌ى كورد له‌ به‌غدا بۆ خۆى مسۆگه‌ر بكات، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش چه‌ند كاندیدێكیان هه‌یه‌، له‌به‌رامبه‌ردا یه‌كێتى ئه‌و پۆسته‌ به‌ ئیستیحقاقى خۆى ده‌زانێت و تاوه‌كو ئێستاش هیچ كاندیدێكى نییه‌.

له‌ ساڵى 2005وه‌ پارتى و یه‌كێتى رێكکه‌وتبوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم له‌ هه‌رێمى كوردستان لاى پارتى بێت و پۆستى سه‌رۆك كۆماریش له‌ به‌غدا ببێته‌ پشكى یه‌كێتى، به‌ڵام دواى نه‌مانى پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم و نه‌مانى مام جه‌لال، له‌ ئێستادا پارتى داواى پۆستى سه‌رۆك كۆمار ده‌كات له‌ به‌غدا.

ڕۆژى سێشه‌ممه‌ 15ى ئایاری 2018، مه‌كته‌بى سیاسى پارتى دیموكراستى كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تى مه‌سعود بارزانى، سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌سه‌ر ده‌ره‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنى 12ى ئایار كۆبووەوه‌و بڕیارى پێكهێنانى شاندێكیان داوه‌، به‌مه‌به‌ستى گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان له‌ به‌غدا.

به‌پێى زانیارییه‌كان له‌و كۆبوونه‌وه‌یەدا كه‌ خۆئاماده‌كردنى پارتى بووه‌، به‌مه‌به‌ستى گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان و دیاریكردنى كاندید بۆ پۆسته‌ سیادییه‌كانى عێراق، له‌ نێویشیاندا پۆستى سه‌رۆك كۆمارى عێراق، بڕیاردراوه‌ هۆشیار زێبارى و ڕۆژ نورى شاوه‌یس له‌ رێگه‌ى مه‌كته‌بى سیاسییه‌وه‌ دیراسه‌ى چۆنیه‌تى مامه‌ڵه‌كردنى داهاتووى پارتى بكه‌ن له‌ به‌غدا.

دواڕۆژ زانیویه‌تى تاوه‌كو ئێستا یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان هیچ كاندیدێكى بۆ پۆستى سه‌رۆك كۆمار نییه‌، به‌ڵام هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌مریكا و ئێران له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان فوئاد مه‌عسوم بۆ خولێكى دیكه‌ ببێته‌وه‌ سه‌رۆك كۆمار، چونكه‌ ناوبراو له‌ماوه‌ى چوار ساڵى ڕابردوودا به‌پێى ده‌ستوور بێلایه‌نى خۆی پاراستوه‌و لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان زۆربه‌یان لارییان نییه‌ له‌سه‌رى.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ كه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ پارتى دیموكراتى كوردستان ده‌ستیكه‌وتووه‌، پارتى دواى گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ یه‌كێتى، ئه‌گه‌ر گه‌ره‌نتى وه‌رگرتنه‌وه‌ى پۆستى سه‌رۆكى حكومه‌ت یاخود سەرۆکی هه‌رێمى له‌هه‌رێمى كوردستان پێنه‌درێت، ئه‌وا هه‌ریه‌ك لە (هۆشیار زێبارى و د.رۆژ نورى شاوه‌یش و د. فوئاد حسین) ده‌بنه‌ كاندیدى پارتى بۆ وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆك كۆمار.

هه‌ر به‌پێى قسه‌ى ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆك كۆمار له‌ لایه‌ن د.نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگارى پێشووى كه‌ركوك و فه‌خرى كه‌ریم سه‌رۆكى ده‌زگاى مه‌دا دووره‌ له‌ ڕاستییەوە.

له‌ نوێترین لێدوانیدا فازڵ میرانى، سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسى دوێنێ 22ى ئایار له‌ به‌غدا ڕایگه‌یاند "دەبێت پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ کورد بێت، راستە پرۆتۆکۆڵییە، بەڵام سەرۆک کۆمار رەمزی عێراقە و بۆ کورد باشە پۆستەکەی لەدەستبێت، هەروەها سەرۆک وەزیران نادەنە ئێمە، سەرۆکی پەرلەمانیش ئەگەر فراکسیۆنێکی گەورەی لەپشت نەبێت، وەکو سەرۆک کۆمار لاواز دەبێت".

وتییشى "یه‌كێتى ده‌ڵێت پۆستى سه‌رۆك كۆمارى عێراق هى ئێمه‌یه‌، به‌ڵام مام جه‌لال نه‌ماوه‌ تاوه‌كو به‌رگرى لێبكه‌ین و ببێته‌ سه‌رۆك كۆمار".

له‌ به‌رامبه‌ردا هه‌ر ئه‌مڕۆ 23ى ئایار، خالید شوانى، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى له‌ دواى ئه‌نجامدانى كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ پارتى ڕایگه‌یاند "هه‌رچه‌ند تاوه‌كو ئێستا قسه‌ له‌سه‌ر پۆسته‌كانى كورد له‌ به‌غدا نه‌كراوه‌، به‌ڵام پۆستى سه‌رۆك كۆمار مافى یه‌كێتیه‌".

نێچیرڤان بارزانى له‌ دوایین كۆنگره‌ى ڕۆژنامه‌وانی خۆیدا كه‌ له‌ 16ى ئایار له‌ هه‌ولێر ئه‌نجامیدا ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، پۆسى سه‌رۆك كۆمار بۆ هیچ لایه‌نێك یه‌كلانه‌بووەته‌وه‌و مه‌رجیش نییه‌ ئه‌مجاره‌ بدرێته‌وه‌ به‌ یه‌كێتى.

پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌مجاره‌ى په‌رله‌مانى عێراق 25 كورسى به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌گه‌ڵ سێ كورسى كۆتا، یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستانیش 18 كورسى به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌ ئێستاشدا هه‌ردووكیان به‌ شاندى جیاواز له‌ به‌غدان، به‌مه‌به‌ستى كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ براوه‌كانى عێراق.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure