دواڕۆژ دوایین زانیارى له‌باره‌ى بڕیارى كۆتایى شه‌ش حزبه‌ ناڕازییه‌كه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 22/05/2018‌ :: 1570‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
بڕیاره‌ دواى وه‌رگرتنه‌وه‌ى وه‌ڵامى كۆتایى تانه‌كانیان له‌لایه‌ن كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنى عێراق، شه‌ش حزبه‌ ناڕازییه‌كه‌ى هه‌رێم بڕیارى كۆتایى له‌سه‌ر ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بده‌ن و جوڵاندنى شه‌قامیش یه‌كێك ده‌بێت له‌ بڕیاره‌كانیان.


دواى راگه‌یاندنى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنى عێراقه‌وه‌، شه‌ش حزبى هه‌رێمى كوردستان (بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، كۆمه‌ڵى ئیسلامى، هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسى و دادپه‌روه‌رى، یه‌كگرتووى ئیسلامى، بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى و حزبى شیوعى كوردستان)، ئه‌نجامه‌كانیان ره‌تكرده‌وه‌ و رایانگه‌یاند، ساخته‌كارى به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراو كراوه‌ و ده‌نگى هاووڵاتیان دزراوه‌.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ماوه‌ى چەند رۆژێکە ئەنجامی کۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌لایه‌ن كۆمسیۆنه‌وه‌ راگه‌یەنراوه‌، به‌ڵام تائێستا ئه‌و حزبانه‌ بڕیارى كۆتاییان له‌سه‌ر به‌شداری كردن یاخود بایكۆتكردنى پڕۆسه‌ى سیاسى عێراق نه‌داوه‌. 

رێبوار كه‌ریم، وته‌بێژى هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسى و دادپه‌روه‌رى  به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "ئێمه‌ له‌ كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كان تانه‌مان له‌ ئه‌نجامه‌كانداوه‌ به‌ وڵاتان و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و نوێنه‌رى كونسڵخانه‌كانمان راگه‌یاندووه‌ كه‌ واز له‌ ده‌نگه‌كانمان ناهێنین و به‌هیچ جۆرێكیش رازى نین به‌ ئه‌نجامه‌نى هه‌ڵبژاردن و به‌ڵگه‌ى ته‌واومان هه‌یه‌ كه‌ ساخته‌كاری گه‌وره‌ كراوه‌".

وتیشى "كاتێك ئه‌نجامى تانه‌ و سكاڵاكانمان گه‌ڕانه‌وه‌ ئه‌وكات بڕیار ده‌ده‌ین، بۆنموونه‌ یه‌كێك له‌ ئه‌گه‌ره‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵك ده‌نگى دزراوه‌ خۆ ده‌بێت ئه‌و خه‌ڵكه‌ قسه‌ى خۆى هه‌بێت؟ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ده‌نگى خه‌ڵك به‌ده‌ست بێنینه‌وه‌ ده‌بێت خه‌ڵكیش له‌گه‌ڵمان بێت".

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان له‌م هه‌فته‌یدا كۆده‌بێته‌وه‌ و بڕیارى كۆتایى له‌سه‌ر به‌شداریكردن یاخود بایكۆتى پڕۆسه‌ى سیاسى عێراق ده‌دات و زۆربه‌ى ئه‌ندامانى سه‌ركردایه‌تى یه‌كگرتوو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان یه‌كگرتوو بایكۆتى پڕۆسه‌ى سیاسى عێراق بكات.

فەرهاد یاسین، به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى دووى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "دواى وه‌ڵامى كۆمسیۆن بۆ تانه‌كانمان، یه‌كگرتوو وه‌كو حزب بڕیارى كۆتایى ده‌دات".

هه‌ر له‌باره‌ى ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق، رۆژى شه‌ممه‌ 18ى ئایار ئه‌نجومه‌نى سیاسى كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتى عه‌لى باپیرى ئه‌میرى كۆمه‌ڵ له‌هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌یه‌كى نائاسایی ئه‌نجامدا.

دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌، له‌ راگه‌یەنراوێكدا كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان رایگه‌یاندووه‌ "ڕاگه‌یاندنی كۆتا ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێڕاقی له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێڕاقه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگاند‌، نیگه‌رانیی‌ و ناڕه‌زایه‌تیی خۆی ده‌ربڕیی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌نجوومه‌نی كۆمسیاران هیچ گرنگییه‌كی به‌ تانه‌‌ و نیگه‌رانیی‌ و ناڕه‌زایه‌تیی شه‌ش لایه‌نی كوردستانیی له‌سه‌ر بوونی ته‌زویر‌ و دزینی ده‌نگ نه‌دا و ئاماده‌ نه‌بوو ته‌نها یه‌ك سندوقی ده‌نگدانیش به‌ده‌ست ئه‌ژمار بكاته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش گومانی لایه‌نه‌كانی له‌سه‌ر بێلایه‌نی كۆمسیۆن زیاتر كرد".

كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ له‌سه‌ر ده‌ربڕینی هه‌ڵوێست ئه‌نجومه‌نی سیاسیی بڕیاریدا كه‌ تانه‌ی یاسایی له‌دادگای به‌رایی له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن تۆماربكات‌ و پاش كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تیی‌ و گرتنه‌به‌ری ڕێكاره‌ دیاریكراوه‌كانی په‌یڕه‌وی ناوخۆی كۆمه‌ڵ‌ و دوای ڕاگۆڕینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كانی دیكه‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كۆتا هه‌ڵوێستی خۆی له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كان ده‌خاته‌ڕوو.

هاوكات سه‌لیم كۆیى،  بەرپرسی پەیوەندییەكانی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند "لە نێوان شەش لایەنەكە كۆدەنگی دروستبووە كە بایكۆتی پڕۆسەی سیاسی بكەین، به‌ڵام تائێستا بڕیاری یەكلاكەرەوە نەدراوە، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 22ى ئایارى 2018، بریت ماكگۆرك نوێنه‌رى تایبه‌تى سه‌رۆكى ئه‌مریكا له‌ سلێمانى له‌گه‌ڵ حزبه‌ ناڕازییه‌كان كۆببێته‌وه‌ و هه‌وڵى رازیكردنى حزبه‌كان ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى بایكۆتى پڕۆسه‌ى سیاسى عێراق نه‌كه‌ن". 

بۆ بڕیارى كۆتایى وه‌كو حزب، ئه‌م هه‌فته‌یه‌ جڤاتى نیشتمانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان كۆده‌بێته‌وه‌.

هێمن شێخانی، باژێڕوانی بزووتنەوەی گۆڕان  و نوێنەری بزوتنەوەكە لە كۆبوونەوە شەش قۆڵییەكە، به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "ئه‌م هه‌فته‌یه‌ جڤاتى نیشتمانى كۆده‌بێته‌وە و بڕیارده‌درێت، دواتریش له‌نزیكترین كاتدا شه‌ش حزبه‌كه‌ كۆده‌بنه‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنى بڕیارى كۆتایى".

شه‌ش حزبه‌ ناڕازییه‌كه‌، تائێستا یه‌كجار له‌سه‌ر ئاستى كه‌سى یه‌كه‌میان له‌هه‌ولێر كۆبوونه‌تەوه‌ و چه‌ندجارێكیش كۆبوونه‌وه‌ى هاوبه‌شیان له‌سه‌ر ئاستى مه‌كته‌بى سیاسى كردوه‌ و ته‌نیا گردبوونه‌وه‌یه‌كى هاوبه‌شیشیان له‌به‌رده‌م نه‌ته‌وه‌یه‌گرتووه‌كان له‌هه‌ولێر ئه‌نجامداوه‌.

حزبى شیوعى كوردستان، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كان هه‌فته‌ى داهاتوو كۆده‌بێته‌وه‌ و بڕیارى خۆى ده‌دات.

ئه‌بو كاروان، په‌رله‌مانتار و ئه‌ندامى كۆمیته‌ى سه‌ركردایه‌تى حزبى شیوعى كوردستان، بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت "جگه‌ له‌ هه‌ڵوێستى تایبه‌تى حزب كه‌ هه‌فته‌ى داهاتوو كۆبوونه‌وه‌ى له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، به‌ڵام له‌هه‌موو كاتێك زیاتر له‌گه‌ڵ پێنج حزبه‌كه‌ى تردا ده‌بین بۆ هه‌ر بڕیارێك".

له‌باره‌ى هه‌ڵوێستى بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى كوردستان، عه‌بدوڵا وه‌رتى، وته‌بێژى بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "له‌كۆبوونه‌وه‌ى لوتكه‌ى شه‌ش حزبەکە، هه‌لۆێستێكى ئاشكرا راگه‌یەنراوه‌ كه‌ ئه‌نجامه‌كان ره‌تكراوه‌ته‌وه‌ و داواى هه‌ژماركردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كانمان كردووه‌، به‌ڵام تازه‌ ناكرێت هه‌ژماربكرێته‌وه‌ به‌ڵكو ده‌بێت له‌ هه‌رێم هه‌ڵبژاردن دووباره‌ بكرێته‌وه‌ ئه‌مه‌ش زه‌حمه‌ته‌ كۆمسیۆن ئه‌و داوایه‌مان قبوڵ بكات، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌ڵوێستى گشتگیر و كۆتایى بدرێت له‌لایه‌ن شه‌ش حزبه‌كه‌وه‌ به‌یه‌كه‌وه‌".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure