یه‌كگرتووى ئیسلامى: له‌ ده‌نگى ده‌نگده‌رانمان خۆش نابین

هەواڵ / کوردستان :: 22/05/2018‌ :: 678‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێژنه‌ عه‌لى
سه‌ركرده‌یه‌كى یه‌كگرتووى ئیسلامى رایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ر داوایه‌كیان لێبكرێت بۆ به‌شدارى له‌ پڕۆسه‌ى سیاسى عێراق دوابڕیار لاى سه‌ركردایه‌تییه‌ و ده‌ڵێت، چه‌ند هۆكارێك وایكردووه‌ "له‌ ده‌نگى ده‌نگدەرانمان خۆش نه‌بین".


عوسمان كاروانى، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 22ى ئایارى 2018 به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، كاتێك ئه‌مریكییه‌كان سه‌ردانى عێراق و كوردستان ده‌كه‌ن به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌وڵه‌كانیان بۆ ئه‌وه‌یه‌ سه‌رجه‌م هێز و لایه‌نه‌كان به‌شدارى پڕۆسه‌ى سیاسى عێراق بكه‌ن، چونكه‌ به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان خۆیان به‌ به‌رپرس ده‌زانن له‌به‌رده‌م پڕۆسه‌ى سیاسى عێراق، پێشیانوایه‌ سه‌قامگیرى له‌ پڕۆسه‌ى سیاسى عیراق ده‌ستكه‌وته‌ بۆ خۆیان.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى به‌ داواى مه‌كگۆرك رازى ده‌بن ده‌رباره‌ى به‌شدارى له‌ په‌رله‌مانى عێراق، ناوبراو روونیكرده‌وه‌ "ئێمه‌ وه‌كو یه‌كگرتوو هه‌ر داوایه‌ك روومان تێیكات دوابڕیار لاى سه‌ركردایه‌تییه‌ و به‌هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌ى كه‌ ئێستا به‌ره‌ى هاوبه‌شمان هه‌یه‌".

لێدوانى ئه‌و به‌رپرسه‌ى یه‌كگرتوو له‌كاتێكدایه‌ پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ بریت مه‌كگۆرك، نوێنه‌رى سه‌رۆكى ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانى (گۆڕان، یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵ و هاوپه‌یمانى) له‌ مه‌كۆى سه‌ره‌كى گۆڕان له‌ سلێمانى كۆبوه‌وه‌.

ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر بایكۆتى په‌رله‌مانى عێراق بكه‌ن كارێكى باشه‌؟ كاروانى ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو "دۆخێكى نه‌خوازراو هاتوەته‌ ئاراوه‌ به‌ئاشكرا گزى و ساخته‌كارى له‌ ده‌نگى ده‌نگده‌ران ئه‌نجامدراوه‌، بێحورمه‌تى به‌رامبه‌ر دیموكراسى كراوه‌، رێزى سندوقى ده‌نگدان نه‌ماوه‌، مافى تاك بۆ دیاریكردنى كه‌سایه‌تی و كیانى سیاسى خۆى نه‌ماوه‌".

وتیشى "ئه‌مانه‌ وایكردووه‌ وه‌كو یه‌كگرتوو له‌ ده‌نگى ده‌نگدەرانمان خۆش نه‌بین، چونكه‌ یه‌قینمان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌ پڕۆگرامێكه‌ بۆ لاوازكردنى پێگه‌ى سیاسى ئه‌م لایه‌نه‌ سیاسییانه‌، بۆیه‌ ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتى كوردى باش تێبگات ئه‌گه‌ر لێره‌ سته‌م بكات و له‌ به‌غدا داواى هاوكارى بكات ئه‌وه‌ جارێكى دیكه‌ نابێت".

رۆژى 12ى ئایار هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق ئه‌نجامدرا، به‌ڵام لایه‌نه‌كانى (گۆڕان، یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵ، هاوپه‌یمانى، حزبى شیوعى و بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى) ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ساخته‌كارى له‌ ده‌نگه‌كانیان كراوه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ى بایكۆتى پڕۆسه‌ى سیاسى له‌ عێراق ده‌كه‌ن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure