‌ په‌رله‌مانتارانی ئیسرائیل پڕۆژەیەك سه‌باره‌ت به‌ ده‌وڵه‌تى كوردى پێشكه‌ش ده‌كه‌ن

هەواڵ / کوردستان :: 22/05/2018‌ :: 3428‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی ئیسڕائیل یاداشتێك له‌باره‌ی دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی له‌ سوریا و عێراق و توركیا ده‌ده‌نه‌ په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌یان و تاوتوێی شێوازی یارمه‌تی ئیسڕائیل بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كورد ده‌كه‌ن. 


سایتی میدڵئیست مۆنیته‌ر، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 22ی ئایار بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، په‌رله‌مانتارانی حزبی لیكۆد و ئیسڕائیل به‌یتونا له‌ په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌یان كه‌ به‌ "كنێست" ناسراوه‌ دوێنێ دووشه‌ممه‌ ده‌ستیانكردووه‌ تاوتوێكردنی ئه‌و شێوازانه‌ی كه‌ ئیسڕائیل ده‌توانێـت لێوه‌ی یارمه‌تی كورد بدات و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ له‌ سوریا و عێراق و توركیا دروستبكات. 

رادیۆی ره‌سمی ئیسڕائیل ده‌ڵێت كه‌ ئه‌ندامانی كنێستی ئه‌و دوو حیزبه‌ یاداشتێكیان له‌باره‌ی ئه‌جێندای ئه‌و بابه‌ته‌ پێشكه‌شی په‌رله‌مان كردووه‌. 

ئه‌وه‌شیخستووه‌ته‌ڕوو كه‌ ئه‌و یاداشته‌ له‌كاتێكدا دێت كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی ته‌لئه‌بیب له‌گه‌ڵ توریكا تێكچووه‌ و ده‌سه‌ڵاتی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌دا به‌رفراوانبووه‌ و به‌رهه‌ڵستییه‌كی زۆر هه‌یه‌ بۆ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردی. 

یۆڤ كیش، په‌رله‌مانتاری ئێسرائیل و یه‌كێك له‌ ده‌ستپێشخه‌رانی ئه‌و یاداشته‌ به‌ رادیۆكه‌ی راگه‌یاندووه‌، له‌ژێر رۆشنایی ئه‌و دۆخه‌ی كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا دروستبووه‌، ده‌ركه‌وتووه‌ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئیسڕائیله‌. 

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ ده‌شڵێت "كه‌مینه‌یه‌كی كوردی هه‌یه‌ له‌ توركیا و سوریا و عێراق و ئێران، سه‌رجه‌م ئه‌و وڵاتانه‌ دووژمنی ئیسڕائیلن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویسته‌ كورد به‌هێزبكه‌ین و سه‌ركردایه‌تی ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ بكه‌ین كه‌ له‌ كۆتایدا ده‌بێته‌هۆی دروستكردنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان كه‌ پشتیوانی ئیسڕئیل ده‌بێت".

وه‌رگێڕانی: محه‌مه‌د نه‌جمه‌دین 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure