داوایەك ئاراسته‌ى شەش لایەنە ناڕازییەكە دەكرێت

هەواڵ / کوردستان :: 21/05/2018‌ :: 835‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێژنە عەلی
بەشێك لە رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی داوا لە هاوڵاتیان دەكەن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی كوردستان بێئومێد نەبن، داوایان لە شەش لایەنە ناڕازییەكەش ئەوەیە بایكۆتی پڕۆسەی سیاسی عێراق بكەن.


ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 21ى ئایارى 2018 ژمارەیەك چالاكوانی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بوونی ساختەكاری لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لە پاركی ئازادی له‌ سلێمانی گردبوونەوەیەكیان سازكرد.

عەبدولخالق ماوەتی، وەكو نوێنەری رێكخراوەكان لەلێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، ئەوان چاوەڕوان بوون لەم هەڵبژاردنەدا لایەنەكان بە بەركەوتەی خۆیان بڕۆن بۆ پەرلەمانی عێراق، بەڵام پڕۆسەكە ساختەكاری بوو، هەروەها بێئومێدكردنی هاوڵاتیانی عێراق و كوردستانیش بوو لە دەنگدان.

وتیشى، "داواكاربوون لە كۆمسیۆن بەدەم سكاڵای لایەنەكانەوە بێت، هەروەها پارتی و یەكێتی بەجددی بەدەم ئەم واقیعەوە بێن كە پڕۆسەی سیاسییان ناشرین كردووە".

بڕیاروایە رۆژی 30ى ئه‌یلولى داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت، له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ ماوەتی ئەوەی  خستەڕوو كە داوایان لە هاوڵاتیان و دەنگدەران ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆ ئەو هەڵبژاردنە بێئومێد نەبن، شەش لایەنە ناڕازییەكەش بایكۆتی پڕۆسەی سیاسی عێراق بكەن.

رۆژی 12ی ئایار هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، بەڵام هەریەك لە (گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ، هاوپەیمانی، شیوعى و بزووتنەوەی ئیسلامی) دژی ئەنجامەكان بەرەیەكی ناڕازییان پێكهێناوە و هەڕەشەی بایكۆتی پڕۆسەی سیاسی عێراقیش دەكەن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure