سێ‌ كۆستی رۆژنامەنووسان لە یەك ساڵدا

هەواڵ / چاوی تۆ :: 21/05/2018‌ :: 583‌ جار بینراوە

 كاروان ئەنوەر * 
لەماوەی یەك ساڵدا، رۆژنامەنووسانی كورد و میدیای كوردی، بەتایبەتیش لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، سێ‌ كۆستی گەورەی كەوت و پڕكردنەوەی شوێنی ئەو سێ‌ كەڵەپیاوە زۆر ئەستەم و مەحاڵە.


(مام جەلال) وەك نووسەر و رۆژنامەنووسێكی بلیمەت، وەك جێگری جەواهیری مەزن لە ساڵی (1959)وە سەرقاڵی نووسین و كاری میدیایی بووە و پارێزەری سەرسەختی رۆژنامەنووسان بووە، مام جەلال كەسێك بوو هەمیشە پشت و پەنا و دڵسۆزی رۆژنامەنووسان بوو، بە چەندین بابەتی رۆژنامەوانی بە زمانەكانی كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی و فارسی دەنووسی، هەردەم لە شاخ و لە هەر كوێ‌ ئەو هەبووبێت گوڕوتین بووە بۆ رۆژنامەنووسان..

(نەوشیروان مستەفا) رۆژنامەنووس و هاوكات نووسەرێكی بە ئەمەك و بە ئەزموونی نووسینەوەی مێژووی رۆژنامەنووسیی كوردی بۆ هەر چوار پارچەی كوردستان، خاوەنی چەندین كتێب و وتاری ناوازە و بە دیققەت و گرنگ، مێژووی رۆژنامەنووسی كورد لە سەردەستی كاك نەوشیروان و هەڤاڵەكانیدا نووسراوەتەوە.

(عادل موراد) نووسەر و رۆژنامەنووس و زمانزانێكی بێ‌ وێنە كە لە میدیای كوردی لە شاخ و لە ناوەوە و لە هەندەران و تاراوگە، رۆڵی گەورە و لێهاتووی بینیوە. سەردەمانێك لە میدیای عەرەبیدا كاری كردووە، پاشان بەرپرسی مەكتەبی ڕاگەیاندنی (ی.ن.ك) بووە و هاوكات سەرنووسەری هەفتەنامەی (الاتحاد) بووە كە لەو رۆژەدا باشترین رۆژنامە بوو لە سەرانسەری عیراقدا...

ئەم سێ‌ قەڵەمە لە ماوەی یەك ساڵدا بەجێیانهێشتین. سێ‌ ناوی دیار و سێ‌ گەورە بیر و سێ كەڵەپیاو و سێ‌ رۆژنامەنووسی بلیمەت و هەڵكەوتوو..

ئێمە لە لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان بە ناوی سەرجەم رۆژنامەنووسانی سنووری لقەكەمان و سەرجەم رۆژنامەنووسانی كوردستانەوە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی میدیای كوردی و دڵسۆزانی بواری میدیا دەكەین كە سیاسەتمەدارو نووسەرو رۆژنامەنووس (عادل موراد) ئەندامی كارای لق-مان لە رۆژی هەینی (18/5/2018) بەجێیهێشتین و بۆ دواجار ماڵئاوایی لێكردین..

زۆر بە داخەوە بۆ قەڵەمەكەی كاك عادل.

زۆر زوو خۆی گەیاندە هەڤاڵەكانی و كاروانی هەردوو قەڵەمەكەی تری سلێمانی،
سەد حەیف كە لە ماوەی یەك ساڵدا هەرسێكیان بەجێیانهێشتین.
كۆستی گەورەی رۆژنامەنووسانی كوردستان كەوت
انالله وانا الیه راجعون
 

   *  سكرتێری لقی سلێمانی
سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure