وەزارەتی دارایی هەرێم رێنماییەكی نوێ ئاڕاستەی ده‌روازه‌ سنورییه‌كان دەكات

هەواڵ / ئابوری :: 21/05/2018‌ :: 493‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێبین حەسەن
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم رێنمایی نوێ سەبارەت بە تاقیگەكانی پشكنین و بڕوانامەی (COC)ی پشكنین لە مەرزە نێودەوڵەتییەكانی هەرێم دەردەكات.


ئەزوەر مەحمود، سەرپەرشتیاری كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ بە دواڕۆژی راگەیاند، لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاگاداركراینەوە لە نوسراوی ژمارە (٧٦٠٩) رێنمایی ژمارە (٣) كە تایبەتە بە تاقیگەكانی پشكنین و بڕوانامەی (C O C).

وتیشی "بەپێی ئەو رێنماییە نوێیە، كە لە بەرواری 2018/6/1-وە جێبەجێده‌كرێت،  پێویستە سەرجەم ئەو كاڵا و كەرەستە هاوردەكراوانەی لە لیستی دەستەی گشتی پێوانەسازی و كوالیتی كۆنتڕۆڵدا دیاریكراوە، بڕوانامەی (C O C)ی هەبێت و بەدەر لەو لیستە داوای (C O C) ناكرێت".

روونیشیكردەوە "ئەو بڕیارە لە سەرجەم دەروازە سنوورییەكان كاری پێدەكرێت و لە هەمانكاتیشدا، پێویستە سەرجەم تاقیگەكان، پابەندی خەسڵەتەكانی پشكنینی عێراقی بن و لەماوەی ساڵێكیشدا بتوانن ببنە خاوەنی بڕوانامەی (C O C)".

ئاماژەی بەوەشكرد، سەرجەم كرێی پشكنینەكان لەلایەن تاقیگەكانەوە وەردەگیرێت و ئەگەر هەر ئۆتۆمۆبێلێكی موڵكی تایبەت بڕوانامەی (C O C) نەبێت كرێی پشكنینی به‌بڕی (100) هەزار دینار لێوەردەگیرێت و هاوكات پێویستیشە بڕوانامەی (C O C)ی وردبینی  مۆربكرێت لەلایەن تاقیگەكانەوە.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure