پۆستى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ڕەسمى ده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 21/05/2018‌ :: 524‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
به‌رپرسێكی باڵای یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ى پۆستى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ش هاوشێوه‌ى پۆستى پارێزگاره‌كانى دیكه‌ به‌ڕەسمى بكرێت، ناوى چه‌ند كه‌سێكیان دەستنیشانكردووه‌و ئاڕاسته‌ى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتییان كردووه‌ بۆ وه‌رگرتنی پۆستی پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ و چاوه‌ڕێى حكومه‌ت ده‌كه‌ن بۆ ده‌ربڕینى ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر یه‌كێك له‌ كاندیده‌كان.

ئه‌حمه‌د قه‌ده‌فه‌رى، جێگرى به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى نۆى شاره‌زوورى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان، به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند، به‌گوێره‌ى ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ى كه‌ له‌ نێوان ئێمه‌ و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان كه‌ له‌ساڵی 2014 واژۆی له‌سه‌ر كراوه‌، پۆستی پارێزگاری سلێمانی به‌ر یه‌كێتی نشتیمانی كه‌وت و پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ش درایه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، به‌ڵام دوای دوو ساڵ گۆڕانكاری له‌و دوو پۆسته‌دا كرا و هه‌ڵه‌بجه‌ درایه‌ یه‌كێتی و سلێمانیش بۆ گۆڕان، به‌ڵام تائێستا پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌ر به‌ شێوه‌ی وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه‌ده‌برێت و نه‌كراوه‌ بەڕەسمی.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ئه‌و به‌ربژێرانه‌ی كه‌ ده‌ستنیشانمان كردوون بۆ وه‌رگرتنی پۆستی پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ پێكدێن له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ (ئازاد تۆفیق) ئه‌ندامی ده‌سته‌ی راگه‌یاندنی یه‌كێتی، عه‌لی عوسمان پارێزگاری ئێستای هه‌ڵه‌بجه‌ به‌وه‌كاله‌ت، عوسمان محه‌مه‌د، كارگێڕی مه‌ڵبه‌ندی نۆی شاره‌زووری یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، هاوكات ئه‌و ناوانه‌ش له‌لایه‌ن مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتییه‌وه‌ ئاڕاسته‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كراون بۆ ده‌ستنیشانكردنى یه‌كێكیان، هاوكات جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ش ده‌درێته‌وه‌ به‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان.

ئه‌و به‌رپرسه‌ى یه‌كێتى ئه‌وه‌شى ڕونكرده‌وه‌، چاوه‌ڕێى ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌كه‌ین كه‌ له‌ نزیكترین كاتدا ئه‌و پرسه‌ یه‌كلایی بكاته‌وه‌، چونكه‌ پێشتر له‌لایه‌ن به‌رپرسانى حكومه‌ته‌وه‌ پێمانڕاگه‌یه‌نرابوو كه‌ له‌ دواى كۆتاییهاتنى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، پرسى پۆستى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ یه‌كلاییده‌كرێته‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure