زانیارى نوێ له‌باره‌ى كوشتنى پیاوێک لەسلێمانى لەلایەن کوڕە 11 ساڵانەکەیەوە

هەواڵ / کوردستان :: 21/05/2018‌ :: 41970‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
رۆژى 19ى ئایارى 2018، پۆلیسى سلێمانى رایگه‌یاند كه‌ پیاوێك له‌لایه‌ن كوڕه‌ 11 ساڵانه‌كه‌یه‌وه‌ له‌ گه‌ڕه‌كى قوله‌ڕه‌یسى شارى سلێمانى كوژراوه‌، دواڕۆژ به‌دواداچوونى له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌ كرد بۆ راستى و دروستى رووداوه‌كه‌.

عه‌مید سه‌ردار مه‌حمود، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌شى راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى پارێزگاى سلێمانى، به‌ دواڕۆژى وت "دواى رووداوه‌كه‌ تیمه‌كانى پۆلیس ده‌ستیانكرد به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ و وته‌ وه‌رگرتنى هاوسه‌ر و منداڵه‌كانى پیاوه‌ كوژراوه‌كه‌".

وتیشى "به‌پێى راپۆرتى پزیشكى، شوێنى لێدان به‌ جه‌سته‌ى ژنه‌كه‌وه‌ دیاره‌، له‌كاتى لێكۆڵینه‌وه‌ش ژنه‌كه‌ دانى به‌وه‌داناوه‌ كه‌ خۆیى و كوڕه‌كه‌ى به‌یه‌كه‌وه‌ كوشتویانه‌".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا "ژنه‌كه‌ و كوڕه‌كه‌ى به‌ چوار فیشه‌كى ده‌مانچه‌ له‌ خه‌ودا كوشتویانه‌ ده‌مانچه‌كه‌ش هى پیاوه‌كه‌ خۆى بووه‌، به‌وته‌ى ژنه‌كه‌ش بۆیه‌ كوشتویه‌تى چونكه‌ پێشتر لێیداوه‌".

عه‌مید سه‌ردار، باسى له‌وه‌شكرد "به‌ بڕیارى دادوه‌ر و به‌پێى ماده‌ى (406) له‌ یاساى سزادانى عێراقى بكوژه‌كان له‌ به‌ندیخانه‌ى گرتن و گواستنه‌وه‌ى سلێمانى راگیراون تا ئه‌و كاته‌ى بڕیار له‌سه‌ر سزادانه‌كه‌یان ده‌درێت و كه‌یسه‌كه‌شیان له‌ بنكه‌ى پۆلیسى راپه‌ڕینه‌".

به‌ وته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى به‌شى راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ پۆلیسى سلێمانى، پیاوه‌ كوژراوه‌كه‌ ناوى  (م.ع.ع)ه‌و  ته‌مه‌نى 33 ساڵه‌ و هیچ كارێكى نه‌بووه‌، هه‌روه‌ها سێ كوڕ و كچێكى هه‌بووه‌،  ژنه‌كه‌ش ناوى (م. ئـ)ه‌ و ته‌مه‌نى 36 ساڵه‌ و ژنى ماڵه‌وه‌یه‌، ئه‌و كوڕه‌شى كه‌ به‌شداربووه‌ له‌ رووداوه‌كه‌ ناوى (ش. م)ه‌ و ته‌مه‌نى 11 ساڵه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure