بریت مەكگۆرك له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ى چوار لایه‌نی هەڕێم كۆده‌بێته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 21/05/2018‌ :: 1706‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
بڕیاره‌ سبه‌ى سێشه‌ممه‌ 22ى ئایارى 2018، بریت مەكگۆرك، نوێنه‌رى تایبه‌تى سه‌رۆكى ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ى چوار لایه‌نى كوردستان كۆببێته‌وه‌.

سه‌لیم كۆیى، به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانى كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "سبه‌ى نوێنه‌رى تایبه‌تى ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ عه‌لى باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی ، سه‌ڵاحه‌ددین محه‌مه‌د به‌هادین ئەمنیداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی ، به‌رهه‌م ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری  و عومه‌ر سه‌ید عه‌لى رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان له‌ سلێمانى كۆده‌بێته‌وه‌".

وتیشى "مه‌به‌ست له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ تاوتوێكردنى ئه‌و نیگه‌رانییه‌یە كه‌ ئه‌و چوار لایه‌نه‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى 12ى ئایارى په‌رله‌مانى عێراق هه‌یانه‌".

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، نوێنه‌رى تایبه‌تى سه‌رۆكى ئه‌مریكا هه‌وڵى رازیكردنى هه‌رچوار لایه‌نه‌كه‌ ده‌دات بۆئه‌وه‌ى بایكۆتى پڕۆسه‌ى سیاسى عێراق نه‌كه‌ن و به‌شدارى په‌رله‌مان و حكومه‌تى داهاتووى عێراق بكه‌ن.

له‌باره‌ى بڕیارى كۆتایى چوار لایه‌نه‌كه‌، سه‌لیم كۆیى وتى "تائێستا واده‌ى كۆبوونه‌وه‌ى كۆتایى چوار لایه‌نه‌كه‌ دیارینه‌كراوه‌، به‌ڵام تائێستا بۆچوونى هه‌رچوار لایه‌نه‌كه‌ به‌و ئاڕاسته‌یه‌یە كه‌ بایكۆتى پڕۆسه‌ى سیاسى عێراق بكرێت".

دواى راگه‌یاندنى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى عێراق، هه‌ر چوار لایه‌ن كۆمه‌ڵ و گۆڕان و یه‌كگرتوو و هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌رى رایانگه‌یاند، ساخته‌رى زۆر له‌ هه‌ڵبژاردن كراوه‌ و ده‌نگه‌كانیان دزراوه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure