"هیچ یاسایەك باسی لەبایكۆت و دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن نەكردووە"

هەواڵ / عێراق :: 21/05/2018‌ :: 518‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاوارە حەمید
پسپۆڕێكی یاسایی دەستوری باس لەوەدەكات، هیچ یاسایەكی عێراقی باسی لە بابەتی بایكۆتی پڕۆسەی سیاسی و  شوێنگرتنەوەی ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نەكردوە كە بایكۆت دەكەن.


خامۆش عومەر، پسپۆڕی یاسای دەستوری و راوێژكاری دەستوری سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ دواڕۆژ وتی "بە گوێرەی ماددە (14) لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی ساڵی 2017 كاندیدی هەڵبژێردراو دەبێتە ئەندام لە ئەنجومەن و هەموو مافێكی ئەندامیەتی دەبێت، لەو كاتەی كە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن پەسەند دەكرێت، مومارەسەی ئەركەكانی دەكات دوای سوێندی دەستوری".

وتیشی "دادگای ئیتیحادی باڵا لە بەیانێكی ڕۆژنامەوانیدا لە (20ی ئایاری 2018) ئاماژە بەوە دەكات کە دەكرێت تانە پێشكەش بە دادگای ئیتحادی باڵا بكرێت، لە پڕۆسەی پەسەندكردنی لیستە سەركەوتوەكان بۆ ئەندامیەتی ئەنجومەن، واتە ئەمیش جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كاندیدی سەركەوتوو دوای پەسەندكردنی سیفەتی نوێنەرایەتی دەبێت".

ئاماژەی بەوەشكرد، بەگوێرەی ئەو دەقانە بێت، كاندیدە سەركەوتوەكان لە دوای پەسەندكردنی ئەنجامەكان دەبنە ئەندام و هەموو مافێكی ئەندامێتیان دەبێت، بەڵام ناتوانن مومارەسەی ئەركەكانیان بكەن، تا دوای سوێندخواردن هەروەك لە ماددەی "50"ی دەستور و ماددە "6"ی پەیڕەوی ناوخۆ هاتووە.

سەبارەت بە بایكۆتی پرۆسەی سیاسی لەلایەن هەر لیست و فراكسیۆنێكەوە بێت، ئەو پسپۆڕە دەستورییە وتی "یاسای شوێنگرتنەوەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ژمارە (6)ی ساڵی 2006ی هەمواركراو، ڕاستەوخۆ چارەسەری ئەو بابەتەی نەكردووە، بەڵام بڕگە (7)ی ماددە یەكەمی هەمواری یەكەمی یاساكە لە ساڵی 2007 ئاماژە بەوە دەكات، ئەندامیەتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بەهۆی یەكێك لەم هۆكارانە كۆتایی دێت، لەوانە: "لادانی ئەندام بەهۆی تەجاوزی ئامادەنەبوونی بەبێ پاساوی ڕەوا بۆ زیاتر یەك لەسەر سێی دانیشتنەكانی ئەنجومەن لە كۆی یەك وەرزی یاسادانان، بەڵام ئەگەر ئەو ئەندامانە سوێند نەخۆن، ئەوا ناتوانن مومارەسەی كارەكانیان بكەن، كەواتە چۆن لە كارەكەی دووردەخرێتەوە لە كاتێكدا هێشتا دەست بەكارنەبووە".

وتیشی، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دەقەكانی تری ئەو یاسایە، ئەوا هیچ دەقێكی یاساكە چارەسەری مەسەلەی بایكۆتی نەكردووە كە ئەگەری هاتنەدی لە ئارادایە و لایەنەكانی تر ناتوانن ئەو كورسیانە پڕبكەنەوە، یاساكە بە هیچ شێوەیەك ئەو مافەی پێنەداون.

سەبارەت بە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن وتی "لە بڕیارەكانی دادگای ئیتحادی باڵا ژمارە (5/ت/2006) لە (26/4/2007) و (9/اتحادیە/ 2008) لە (24/11/2008) و (6/اتحادیە/ 2010) لە (3/3/2010)، لە هەموو ئەو بڕیارانەیدا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە هەڵبژاردنەكە هەڵناوەشێتەوە، بەڵكو دەبێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا سەرپێچییە دەستورییەكە ئەنجامنەدەنەوە".

ئاماژەی بەوەشكرد كە دوای پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن كاندیدە سەركەوتوەكان مافی ئەندامیەتی پەرلەمانیان دەبێت، بەڵام ناتوانن مومارەسەی كارەكانیان بكەن، تا دوای سوێند خواردن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure