عه‌بادى باجى گه‌نده‌ڵیى دا

هەواڵ / چاوی تۆ :: 20/05/2018‌ :: 487‌ جار بینراوە

بورهان شێخ ڕه‌ئوف
ئه‌گه‌رچى دكتۆر حه‌یده‌ر عه‌بادى لیسته‌كه‌ى بۆ هه‌ڵبژاردنى گشتى عێراق به‌ ناوى لیستى  سه‌ركه‌وتن (النصر) ناوه‌زه‌د كردبوو  به‌ پشتبه‌ستن به‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ى كه‌ هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى و كورد و هه‌موو هێزه‌كانى ترى عێراق و به‌ كۆمه‌كى ئێران به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تى ئیسلامى له‌ عێراق و شام دا به‌ده‌ستیهێنا  بوو له‌هه‌مانكاتدا لێدوانه‌كانى بۆ له‌ناوبردنى هه‌وڵى  جوداخوازه‌كان كه‌ مه‌به‌ستى ڕیفراندۆمه‌كه‌ى هه‌رێمى كوردستان بوو كه‌ خۆى له‌ گێڕانه‌وه‌ى كه‌ركوك و هه‌موو ناوچه‌ كوردستانیه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم بۆ ژێر ده‌سه‌ڵاتى حكومه‌تى ناوه‌ندى و خۆنمایشكردن وه‌كو پاڵه‌وانى سه‌ركه‌وتووی دوو جه‌نگى تیرۆر و پاراستنى یه‌كپارچه‌یى خاكى عێراق، به‌ڵام هه‌ر دواى ڕاگه‌یاندنى ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان ده‌ركه‌وت ئه‌و دروشم و بانگه‌شانه‌ فریاى عه‌بادى نه‌كه‌وتن، هه‌رچه‌نده‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكا و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ پشتیوانى لێده‌كرا, سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى هه‌وڵى دابوو لیسته‌كه‌ى سنوورى تائیفیه‌ت و ئتنیك تێبپه‌ڕێنێت به‌ به‌شداریكردنى سوننه‌ و شیعه‌ و كورد و توركمان كه‌چى نه‌بوو به‌ هێزى یه‌كه‌م و لیستى سائرون-ى نزیك له‌ موقته‌دا سه‌در و لیستى فه‌تح-ى هادى عامرى كه‌ هه‌موو باڵه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى له‌خۆده‌گرێ، پێشیكه‌وتن .
بۆ پێش نه‌كه‌وت؟
ده‌كرێ بپرسین دكتۆر عه‌بادى ئه‌و ئه‌ندازیاره‌ كاره‌باییه‌ كه‌ له‌ زانكۆى مانچسته‌رى بریتانیا خوێندنى ته‌واو كردبوو، یه‌كێك له‌ سه‌كرده‌كانى حزبى ده‌عوه‌ بوو كه‌ ساڵانێكى زۆر له‌ ڕیزى ئۆپۆزیسیۆنى عێراقدا بوو، له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ نه‌یتوانى متمانه‌ى پله‌ى یه‌كى ده‌نگده‌رانى عێراق به‌ده‌ستبهێنێت: 
1- هه‌رچه‌نده‌ عه‌بادى له‌سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونى وه‌كو سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق به‌ڵێنى ئه‌وه‌ى به‌ گه‌لانى عێراق دا كه‌ به‌ هه‌موو تواناكانیه‌وه‌ به‌ گژ گه‌نده‌ڵیدا بچێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر سه‌ریشى دانابێت, به‌ڵام له‌ڕووى پراكتیكه‌وه‌ نه‌یتوانى ئه‌و به‌ڵێنه‌ى به‌ جێبهێنێت، هه‌رچه‌نده‌ زۆركه‌س و لایه‌ن ئه‌و گه‌واهیه‌ى بۆ ده‌ده‌ن كه‌ ئه‌و ساڵانه‌ى ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانیش بووه‌ ده‌نگێكى دلێر و به‌رز بووه‌ به‌رامبه‌ر گه‌نده‌ڵى، به‌ڵام وادیاره‌ پێكهاته‌ى حكومه‌ت و لاوازیى پێگه‌ى له‌ نێو حزبى ده‌عوه‌دا ئه‌و بواره‌یان بۆ نه‌ڕه‌خساند كه‌ به‌ر به‌ ته‌وژمى توندى گه‌نده‌ڵى و گه‌نده‌ڵكاران بگرێت.
2- خاڵێكى ترى گرنگ و هه‌ستیار كه‌ ڕێگربوو له‌ پێشكه‌وتنى لیسته‌كه‌ى عه‌بادى، بوونى چه‌ندین ده‌موچاو و سه‌رى دیارى حزبى ده‌عوه‌یه‌ كه‌ له‌ ساڵانى ڕابردوودا هاوبه‌شى ده‌سه‌ڵات و ئیمتازات و گه‌نده‌ڵییه‌كان بوون. له‌ هه‌مانكاتدا لیسته‌ ڕكابه‌ره‌كانى ده‌یان ده‌موچاو و سه‌رى لاو و نوێیان له‌خۆگرتبوو .
3- خاڵێكى تر، ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌ بوو كه‌ سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ لیستى فه‌تح-ى هادى عامرى پێكهێنا كه‌ سه‌ركرده‌كانى حه‌شدى شه‌عبى و ڕه‌وتى حكمه‌-ى عه‌مار حه‌كیم-ى له‌خۆده‌گرت و دواتر هه‌ره‌سیهێنا له‌ ژێر كاردانه‌وه‌ و ناڕه‌زایتیه‌كانى شه‌قامدا.
ئه‌و خاڵه‌ى كه‌ زیاتر جێگه‌ى مشتومڕ و گێرمه‌وكێشه‌ى ڕكابه‌ره‌كانى بوو، نه‌بوونى ئازایه‌تى و خواستى به‌هێز بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و له‌ ڕه‌گوڕیشه‌ هه‌ڵكه‌ندنى كه‌ سه‌ره‌ڕاى به‌ڵێنه‌كانى نه‌یتوانى بیانخاته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌. هه‌ر له‌سه‌رده‌مى حوكمڕانیى ئه‌ودا یاساى لێبووردنى گشتى ده‌رچوو كه‌ بوارى ڕه‌خساند تا زۆر له‌ مافیاكان و ده‌سته‌ و تاقمه‌ ساخته‌چى و گه‌نده‌ڵه‌كان، كه‌ ماڵى گشتییان تاڵان كردبوو، له‌ سزا و لێپرسینه‌وه‌ ده‌رباز بن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ژیانى ئاسایى خۆیان و هه‌مان ڕۆڵى پێشووتریان ببینن.
به‌ڵى عه‌بادى نه‌یتوانى به‌ر به‌و ته‌وژمه‌ ڕێكخراو و به‌هێزه‌ى گه‌نده‌ڵى بگرێت سه‌ره‌ڕاى پشتیوانیى مه‌رجه‌عیه‌تى شیعه‌ كه‌ خۆى له‌ سه‌ید سیستانى دا ده‌بینێته‌وه‌، جگه‌ له‌ پشتیوانیى به‌هێزى شه‌قامى عێراقى. هه‌رچه‌نده‌ له‌ چه‌ندین بۆنه‌ى جیاوازدا به‌ڵێنى ئه‌وه‌ى دابوو كه‌ "چۆن به‌سه‌ر تیرۆر و تیرۆریستاندا سه‌ركه‌وتین ئاوایش به‌سه‌ر گه‌نده‌ڵى و گه‌نده‌ڵكاراندا سه‌رده‌كه‌وین".
له‌لایه‌كى تره‌وه‌ هه‌ندێك له‌ چاودێرانى دۆخى عێراق له‌و بڕوایه‌دان، مانه‌وه‌ى عه‌بادى له‌ ڕیزه‌كانى حزبى ده‌عوه‌دا هۆكارى سه‌ره‌كى بوو بۆ ئه‌وه‌ى نه‌توانێت متمانه‌ى خه‌ڵكى عێراق به‌ده‌ستبێنێت و له‌ڕیزى پێشه‌وه‌ بێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure