هه‌ڵه‌بجه‌: ته‌نها له‌ ساڵێكدا 400 خوێندكار وازیان له‌ خوێندن هێناوه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 23/05/2018‌ :: 531‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید
به‌رپرسى نوسینگه‌ى مافى مرۆڤی هه‌ڵه‌بجه‌ ئاشكرایده‌كات، به‌هۆى خراپى بارى گوزه‌رانى هاوڵاتیان و نه‌بوونى یاسایه‌ك بۆ رێگریكردن له‌ منداڵانى ئیشكه‌ر، ته‌نها له‌ ساڵى رابردوودا 400 خوێندكار وازیان له‌ خوێندن هێناوه‌ و روویان له‌ كاركردن كردووه‌.


ئارى محه‌مه‌د، كه‌ به‌مدواییه‌ وازى له‌ خوێندن هێناوه‌ و ئێستا سه‌رقاڵى كاركردنه‌ به‌ دواڕۆژى وت "له‌ پۆلى هه‌شتى بنه‌ڕه‌تی بووم، به‌هۆى ئه‌وه‌ى بارى گوزه‌رانى خێزانه‌كه‌مان باش نه‌بوو، باوكیشم گیانى له‌ده‌ستداوه‌، ناچاربووم بۆ دابینكردنى بژێوى ژیانى خۆم و خێزانه‌كه‌م رووبكه‌مه‌ كاركردن و ئێستا رۆژانه‌ له‌ یاریگا و شوێنه‌ گشتییه‌كان به‌ فرۆشتنى ئاو و پاقله‌ بژێوى خۆم و خێزانه‌كه‌م دابینده‌كه‌م".   

وتیشى، "سه‌رقاڵبوونم به‌ كاركردنه‌وه‌ بووه‌ته‌ هۆى ئه‌وه‌ى نه‌توانم له‌گه‌ڵ هاوڕێكانمدا یارى بكه‌م و بگه‌ڕێم، له‌كاتێكدا منداڵانى هاوڕێم سه‌رقاڵى خوێندن و یاریكردن و گه‌ڕانن و منیش زۆر حه‌زم ده‌كرد كه‌ هاوشێوه‌ى ئه‌وان بومایه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ خراپى بارى گوزه‌رانى ژیانمان ناچار به‌ كاركردنى كردوم".

زۆربه‌ى ئه‌و منداڵانه‌ى وازیان له‌ خوێندن هێناوه‌ په‌شیمانن، به‌ڵام ناچارن بۆ بژێوى ژیانیان كاربكه‌ن.

گوڵستان ئه‌حمه‌د، به‌رپرسى نوسینگه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ى مافى مرۆڤ، به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند  "جێگه‌ى داخه‌ كه‌ كاركردنى منداڵان له‌ هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه‌ به‌ كارێكى ئاسایى سه‌یرده‌كرێت و یاسایه‌كى ئه‌و تۆ نییه‌ كه‌ رێگرى بكات له‌ كاركردنى منداڵان ئه‌گه‌ر یاساش هه‌بێت وه‌ك خۆى جێبه‌جێناكرێت، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ كه‌ یه‌كێك له‌و مه‌ترسیانه‌ى كه‌ رووى له‌ كۆمه‌ڵگاى كوردى كردووه‌، كاركردنى منداڵانه‌ له‌ ته‌مه‌نه‌ جیاوازه‌كاندا".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، به‌ گوێره‌ى ئامارێك كه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى په‌روه‌رده‌ى هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ وه‌رمانگرتووه‌ ته‌نها له‌ ساڵى رابردوودا 400 خوێندكار له‌ قۆناغه‌ جیاوازه‌كان وازییان له‌ خوێندن هێناوه‌ و روویان له‌ كاركردن كردووه‌، زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ش وازیان له‌ خوێندن هێناوه‌ منداڵن و نابێت كاربكه‌ن، ئه‌وه‌ش چه‌ند هۆكار و پاڵنه‌رێكى تایبه‌ت به‌خۆى هه‌یه‌، كه‌ گرنگترینیان خراپى بارى گوزه‌رانى خێزانه‌كانه‌.

ئه‌و به‌رپرسه‌ى مافى مرۆڤى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى وت، هه‌ندێك جار چاولێكه‌رى هۆكارێكه‌ بۆ زۆربوونى منداڵانى ئیشكه‌ر، چونكه‌ كاتێك منداڵێك ده‌بینێت منداڵێكى هاوڕێى كارده‌كات ئه‌میش كاركردنى به‌لاوه‌ ئاسایى ده‌بێت، ئه‌گه‌رچى بارى دارایى خێزانه‌كه‌شیان باشبێت، بۆیه‌ زۆر گرنگه‌ خێزانه‌كان هۆشیاربكرێنه‌وه‌ و هه‌روه‌ها حكومه‌تیش پلانى تایبه‌ت به‌خۆى هه‌بێت له‌ ئاست پێدانى مافه‌كانى منداڵان، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ساڵ له‌ دواى ساڵ مه‌ترسى زیاد بوونى منداڵانى ئیشكه‌ر زۆرتر ده‌بێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure