كاردانەوەی كاندیدە دەرنەچووەكانی پەرلەمان لەكەركوك

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 20/05/2018‌ :: 1004‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری
دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی كەركوك بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لیستە شكستخواردووەكان تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیان بۆ دەربڕینی كاردانەوەكانیان هەڵبژارد، هەروەك فەیسبووكیش پڕ بوو لەنیگەرانی كاندیدە دەرنەچووەكانی لیستە براوەكان.


بەپێی ئەنجامە راگەیەنراوەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، لەكۆی 12 كورسی لەكەركوك، یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەبەدەستهێنانی زیاتر لە 183 هەزار دەنگ 6 كورسی بەدەستهێنا، لیستی بەرەی توركمان بە زیاتر لە 8 هەزار دەنگ 3 كورسی، هاوپەیمانی عەرەبیش 3 كورسییەكەی دیكەی برد.

بەپێی ئەو ئەنجامەیش، لەكۆی ئەو 31 لیست و هاوپەیمانی و كەسایەتییانەی لەكەركوك ركابەرییان بۆ بەدەستهێنانی كورسی دەكرد، 28 لیست نەیانتوانی هیچ كورسییەك بەدەستبهێنن بەهۆی ئەوەی رێژەی دەنگەكانیان نەگەیشتووەتە كورسی.

محەمەد شوانی، سەرۆكی لیستی نیشتمان كەپێكهاتبوو لە "گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دادپەروەری" لەیەكەم كاردانەوەیدا دوای بەدەستنەهێنانی هیچ كورسییەك لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نوسی "بەو پەڕی دڵنیاییەوە ئەوە دەنگی راستەقینەی ئێمە نییە، ئێمەش هەرچیەكمان لەتوانادا بێت دەیكەین بۆ گێڕانەوەی دەنگەكانتان و بۆ سەرخستنی پرۆسەی بەمەدەنیكردنی كۆمەڵگاكەمان، من لەهەر شوێنێكیشدا بن چ مامۆستای زانكۆ یان ئەندامی پەرلەمان یان فەرمانبەری وەزارەتێك ژیانی خۆم بۆ خزمەتی ئێوەو كۆمەڵگاكەم تەرخان كردووەو جگە لە رزگاری گەلەكەم و پێشكەوتنی كۆمەڵگاكەم هیچ ئامانجێكی ترم نییە لەژیاندا".

سەرۆكی لیستی یەكگرتووی ئیسلامیش كە حزبەکەی نەیتوانی هیچ كورسییەك بەدەستبهێنێت، لەپۆستێكدا دەڵێت "تاكە رێگەی بەدەستهێنانی ماف و خزمەتكردن لەم وڵاتە پرۆسەی دەنگدان بوو، بەڵام ئەویش بەپلانێكی ئیقلیمی لەكەدار كرا و هەر بەو جۆرەی كە قوتی هاوڵاتیانیان دزی، دەنگەكانیان دزیوین ".

دەشڵێت "كورسیەك بەدزینی دەنگی رەوای هەق بێت، یاخوا لەژێرتان بلەرزێ و تەپل و تۆڵەو زەبری ئەو ناهەقییە وەربگرنەوە".

بەشێكی زۆری لیستە عەرەبییەكانیش نەیانتوانی ئەو رێژەیە بەدەستبهێنن كە بگاتە نرخی كورسییەك، هەر بۆیە تێكەڵ لەخۆپیشاندەران و مانگرتووەكانی كەركوك بوونە.

محەمەد مەهدی بەیاتی، سەرۆكی لیستی فەتح لەكەركوك لەپۆستێكدا هەڕەشەی گرتنبەری رێوشوێنە یاساییەكان دەكات لەكۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كە بەبێ گوێدانە داواكاری مانگرتووان ئەنجامەكانیان راگەیاند و دەڵێت "تاوەكو بەدەستهێنانی ماف دەنگدەرانمان لەمانگرتن بەردەوامدەبین ".

جگە لەلیست و كەسایەتییە دۆڕاوەكانی هەڵبژاردن، هاوكات كاندیدە دەرنەچووەكانی لیستە سەركەوتووەكانیش كاردانەوەیان هەیە، بەشێك دژی دەنگدەران و بەشێكیشیان لەحزبەكەی.

پەروین فاتیح، كاندیدی لیستی یەكێتی لەكەركوك كە هاوكات بەڕێوەبەری یەكەی سەرپەرشتیاری پەروەردەیە، پۆستێكی كردووە و لەدەنگدەرانی نیگەرانە و دەڵێت "30 ساڵە لەخزمەتی نەوەكانتان لەخۆشی و ناخۆشی لەگەڵتان بووم ژنێك بووم هەمیشە لەخەمی خوێندكاران و مامۆستایان بووم دەستان خۆش بێت پاداشتان كردم كەركوكییەكان".

حەسیبە عەبدوڵا، كاندیدێكی دیكەی ئەو حزبە لەپاش دەرنەچوونی دەڵێت "من هیچ ناڵێم، ئێوە قسە بكەن، كوا دەنگەكانی من؟ ".

بەڵام ئاری كەمال عەجەم، كاندیدی یەكێتی لەكاردانەوەكەیدا پیرۆزبایی سەركەوتنی لەهاوڕێكانی كردو داوایان لێدەكات متمانەی دەنگدەران لەدەست نەدەن.

كاندیدە دەرنەچووەكانی لیستە عەرەبییەكانیش كاردانەوەی جۆراوجۆریان هەیە، بەڵام كاردانەوەكەی موهەیمن حەمدانی كاندیدی هاوپەیمانی عەرەبی لەهەموویان توندترە بەتایبەت كە گرتە ڤیدیۆییەكی بڵاوكردوەتەوەو داوای هەڵوێست لەدەنگدەرانی و هاوڵاتیانی عەرەب دەكات و هەڕەشەی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی دەكات.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure