"بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان تۆمارێكى ده‌نگده‌رانى تایبه‌ت ئاماده‌كراوه‌"

هەواڵ / کوردستان :: 19/05/2018‌ :: 1547‌ جار بینراوە
فۆتۆ: حەمە سوور

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان و ڕاپرسى هه‌رێم، ئاشكرایده‌كات زۆربه‌ى رێكاره‌كانی تایبه‌ت به‌ئاماده‌كردنى تۆمارێكى نوێى بۆ ده‌نگده‌رانى هه‌رێم ته‌واوكراوه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوو ده‌توانرێت به‌ ته‌واوى پشتی پێببه‌سترێت.


به‌پێى مه‌رسومێكى سه‌رۆكى حكومه‌ت كه‌ ڕۆژى 9ى ئایار ده‌رچووه‌، به‌ پشت به‌ستن به‌ بڕیارى په‌رله‌مانى كوردستان و پێدانى ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێم به‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت، نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى حكومه‌ت بڕیاریدا ڕۆژى یه‌كشه‌ممه‌ 30ى ئه‌یلولى 2018 هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌نجامبدرێت، هه‌فته‌ى ڕابردووش دواى ته‌رخانكردنى بڕى 10 ملیار دینارى له‌ لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ بۆ كۆمسیۆن وه‌ك قۆناغى یه‌كه‌م كۆمسیۆن  ئاماده‌كارییه‌كانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ستپێكردووه‌.

شێروان زرار، وته‌بێژى كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند "چه‌ند مانگێكه‌ كار له‌سه‌ر تۆمارى ده‌نگده‌رانى هه‌رێم ده‌كرێت كه‌ ته‌نها پشت به‌ فۆڕمى خۆڕاكى هاووڵاتییان ده‌به‌سترێت، له‌ ئێستاشدا ئه‌و تۆماره‌ له‌ قۆناغى كۆتایدایه‌و وردبینى له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ چۆن به‌ ته‌واوى ناوى ئاواره‌ و دووباره‌و لێكچوو له‌ تۆماره‌ تایبه‌ته‌كه‌دا ده‌ربهێنن".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، به‌ر له‌واده‌ى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌و تۆمارى ده‌نگدانه‌ ده‌ده‌نه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ى بۆچوونى خۆیان له‌باره‌ى ئه‌و تۆماره‌ بده‌نه‌ كۆمسیۆن و زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ندى بكه‌ن، پاشان ده‌توانین له‌ هه‌ڵبژاردنى 30ى ئه‌یلول به‌كاریبهێنین.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، ئه‌و تۆماره‌ى ده‌یانه‌وێت به‌كاریبهێنن له‌ تۆمارى كۆمسیۆنى به‌غدا جیاوازه‌و به‌ هاوكارى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ئاماده‌كراوه‌، ئه‌گه‌ر ته‌واوبێت هه‌رێمى كوردستان ده‌بێته‌ خاوه‌نى تۆمارێكى تایبه‌ت به‌خۆى.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure