بەغدا لە نێوان برێت ماكگۆرك و قاسم سلێمانیدا

هەواڵ / چاوی تۆ :: 19/05/2018‌ :: 555‌ جار بینراوە

عەلی مەحمود محەمەد
تا نیوەڕۆی 12 ی مانگ، سندوقەكان بەتاڵ بوون، لە نوێژی نیوەڕۆوە فتواكان دەستیان پێكرد بۆ هاندانی خەڵك بۆ پڕكردنەوەی سندوقەكان، پەنجە شایەدمانە مۆركراوەكانی پیاوانی ئاینی روو لە ئاسمان بەرزكرانەوە بۆ هاندان، تا نیوەڕۆ تسۆنامی بایكۆت سەركەوتوو بوو، لە كوردستانیش حیزبییەكان سیناریۆی سەیرسەیریان بەناو ئەندامانیان بڵاودەكردەوە تا زوو بیانێرنە سەر سندوقەكان، گوایە نەیارانیان بۆ ئێوارە قەرەباڵغی دروستە دەكەن، لەبەرامبەر ئەو بێئومێدییەی خەڵك لە ئەنجامی دەسەڵاتی نادادپەروەر لە هەموو هەرێمەكانی عێراق پەیڕەو دەكرا، بەتایبەتیش لەو پەرلەمانتار و بەرپرسانەی بەغدا كەسیان لە گەندەڵی بێبەری نەبوونە لە رابردوو، لە كۆتاشدا رێژەی دەنگدان هەر 17.48٪ ی كەمتر بوو لە خولی پێشوو، وێڕای دەنگدان بە لیستە نوێكان بۆ خۆی سزادانی كۆنەكان بوو، راچەڵەكینی ئەو بەیانیانە مەترسیدار بوو بۆ رەتكردنەوەی چینی فەرمانڕەوای عێراقی.


لە بیرمان بێت, شەوی یەكشەممەی 15ی ئۆكتۆبەر ی 2017 قاسم سلێمانی پشووی كۆتایی هەفتەی قۆستەوە و گۆڵی خۆی لە برێت ماكگۆرك كرد لە كەركوك كە لە هەوڵدا بوو شەڕ نەبێت, ماكگۆرك  14 ساڵە  بە فەرمی كار لە ناو كونج و پێچە ئاڵۆزەكانی سیاسەت لە عێراق دەكات ئەو شەوە حاجی قاسمی كرێكاری بیناسازیی گۆڵی لێكرد, ئەزموونی كرێكارێكی بیناسازیی سەركەوت بەسەر شەهادەی باڵای زانكۆی بەناوبانگی كۆڵۆمبیا, بەمەش لە 16ی ئۆكتۆبەرەوە توركە قزڵباشیە شیعەكانی لە دووز كردەوە  بە فەرمانڕەوا, وێنایەكی دیكەی شەڕی نەغەدە و قاڕنێ و قەڵاتانیان دووبارەكردەوە لە دەڤەری كەركوك, كەركوكیش تەسلیم بە سەفەوییە عەرەبیەكانی سەر بە هادی عامری كرایەوە, مێژووی شا ئیسماعیلی سەفەویی لە كەركوك زیندووكردەوە, ئەگەر فەرمانڕەوایی یەكەمیان 26 ساڵی خایاندبێت (1508-1534), پێی دەچێت فەرمانڕەوایی ئەمجارەیان لە كەركوك كەمتر لە 26 مانگ تەمەنی بێت, ئێستا ئەم دوو پیاوە, یەكیان لە نێوان خەزرا و هەولێرە و   ئەوی دی  لە نێوان خەزرا و سلێمانییەوە  هەوڵی خۆیان چڕكردۆتەوە, بۆئەوەی گۆڵی خۆیان بكەن و حكومەتی پاشكۆی خۆیان لە بەغدا دامەزرێنن, حكومەتێك بەناو عێراقی و هەڵبژێردراوی عێراقییەكان بێت, لێ پەیوەستی دایكی و رۆڵایەتیی پێیانەوە  هەبێت, لە پاشكۆ پاشكۆتری سیاسەتەكانیان بێت لە قۆناغە هەستیارەكەی ئەمڕۆ, بەتایبەت لە ئێستادا بۆ هەر كامیان گرنگە بەغدا بۆخۆی  ببات و پارسەنگی هێزی هەرێمایەتی بەلای خۆیدا بشكێنێتەوە, لێ بۆ كورد و هێزە عەلمانی و چەپ و نەتەوەییەكان دووبارە گەڕاندنەوەی سیناریۆی ئێرانی 1979 بۆ 1982 ە, لە كۆتادا چارەنووسیان وەك سنجابی و بازرگان و موجاهدین و تودە و كۆمەڵە و دیموكرات دەبێت بەدەست ئەم مەلا چەفیە رەش و سپیانەوە.

ماكگۆرك لەدایكبووی 20ی ئەبرێلی 1973ی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا, هەڵگری دكتۆرا لە یاسا لە زانكۆی بەناوبانگی كۆڵۆمبیای ئەمەریكی, لە سەرەتای ساڵی 2004 ەوە لە بەغدا تێكەڵ بە جەنجەڵیەكانی سیاسی ئەم وڵاتە  بووە, لە زۆرێك گفتوگۆ دوور و درێژە ئاڵۆزییەكانیدا بەشداریی كردووە و ئەزموونی پەیداكردووە. هەرچی حاجی قاسمی سلێمانییە, هەندێك  لە ئێرانییەكان پێیان وایە بە رەچەڵەك توركزمانە, 16ساڵ پێش ماكگۆرك لە گوندی رابوری كرمان لەدایكبووە, كرێكاری بیناسازیی بووە و بەهۆی هەژارییەوە تا قۆناغی ناوەندیی خوێندووە, لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران دەبێتە پاسدار, لە گەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی رۆژهەڵاتی كوردستان1500كیلۆمەتر دەبڕێت و چالاكانە بەشداریی دەكات لە سەركوتكردنی شۆڕشی گەلی كورد, ئەو یەكێك لەو چەكدارە 22 ساڵانەی ئیمامی زەمان بوو كە پۆستاڵەكەیان لە پێ دانەكەند تا گرتنەوەی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و گەڕاندنەوەی بۆ ژێر فەرمانڕەوایی حكومەتی ولایەتی فەقی, چۆن كەركوك و دووزیشی گەڕاندەوە بۆ ژێر فەرمانڕەوایی هاوڕێی دیرینی هادی عامری.

بە پێچەوانەی برێت ماكگۆرك نێردەی ئەمریكا لە هاوپەیمانی دژی داعش كە بە دۆستی كوردەكانی رۆژئاوا دێتە ژماردن, قاسم سلێمانی سیاسەتی بە كوشتوبڕی كوردی رۆژهەڵات دەستپێكردووە و لە شەڕی عێراق ئێرانیشدا چالاك بوو لە گەرمكردنی ئەم شەڕە كۆنەپەرستانەیە, باسكەكانی خوێنی عێراقییەكانی لێدەتكێ, ئێستاش لە درێژەی ئەو مێژووە بەردەوامە لە كارەكانی لە عێراق, شەڕ لای ئەو كۆتا نەبووە و بەردەوامە.

هێزە سیاسیەكان ئەوەی پێیانكرا لە هەڵمەتی هەڵبژاردن ئەنجامیان دا, لە شكاندنی شكۆی یەكتر و ناشرینكردنی پیرۆزییەكانیان تا دروستكردنی فلیم و هەڵبەستنی تۆمەتی ئەخلاقی, هاوكات3بۆ4 ملیاردۆلار لە هەڵمەتەكان خەرجكران, بۆرسەی دەنگكڕین رۆژ بە رۆژ لە بەرزبوونەوەدا بوو, پارە بە بار خۆی دەكرد بە عێراقدا, لەتاریكیدا هەموو پارەكان خەرجكران, یەك لیستیش لە عێراق خەرجییەكانی ئاشكرا نەكرد, هیچ پێوانەیەك بۆ رێگریی لە دەستێوەردان لە رێگای پارەوە نەبوو, بەو پارەیەی لە هەڵبژاردنەكە خەرجكرا دەكرا هەژاریی پێ بنەبڕ بكرێت, وەلێ بۆ كورسییەكانی پەرلەمان چنگگیركردن لە حكومەت تەرخانكرا, هەڵبژاردنی عێراق سێیەم تێچووی هەڵبژاردنەكانی جیهان هەبوو دوای ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا و هیندستان.

 گۆڵی یەكەم ئەو لایەنە كردی دەنگەكانی هەژماركرد و بەشی باشی بۆخۆی برد, گۆڵی دووەم و سەرەكی ئەوەیە پێگەی خۆی قایم دەكات لە خەزرا, حكومەتی ئەمجارە پێدەچێت كۆتا جار بێت سەری ترامپ و حاجی قاسم سلێمانی لە مەنجەڵێكدا كۆبكاتەوە وەك رابردوو, حكومەتی خۆڵەمێشی نەما, پارت و هێزی خۆڵەمێشیش پێی لە هەردوولا بێت كۆتاییدێت بە توندبوونەوەی ململانێی ئەمەریكا و ئێران, قاسم سلێمانی چۆن 16ی ئۆكتۆبەر هەوڵەكانی ماكگۆركی لەباربرد بۆ ئاشتی, گومان هەیە ئەمجارە لە هەوڵەكانی وەك 7 مانگ لەمەوپێش سەركەوتوو نەبێت بژاردەكانی مالكی-هادی عامری لە خەزرا شین بكاتەوە, وەلێ هێشتا پێگەی ئێران لەناو پارتە ئیسلامییە شیعەكان بەهێزە و ناتوانرێت حیسابی بۆ نەكرێت, خۆ لە ساڵی 2010 ئەمەریكا فشارێكی زۆری كرد تا مالكی لەسەر كورسی سەرۆك وەزیرانی دانا, كەچی ئێستا  لە لیستی رەشیدایە, عەبادی و كاندیدی هەموو پارتە ئیسلامییە شیعەگەراكان  لە كۆتادا هەروا دەردەچن.

ئێستا ماكگۆرك و حاجی قاسم سلێمانی كە لە "ماكگۆرك13 و قاسم سلێمانی 14"ی مانگەوە میوانی عێراقییەكانن و  لە بەغدان, بۆ رێگاگرتن لەیەكتری, هەر یەكەی گڵۆپێكی سەوزیان بە دەستەوەیە بۆ لایەنگرانیان لە خەزرا, هەموو چاوەكان لەسەر جووڵە و هەوڵە دیبلۆماسیە ئاشكرا و نهێنییەكانی ئەم دوانەن, جووڵەكانیان زیاتر لە جووڵەی دوو پاڵەوان دەچێت لە زۆرانبازیدا بن, ئەركیان وەك 3 جاری پێشوو سەردەمی بۆش و ئۆباما هاوكاریكردنی یەكتر نییە, ئەوان ئێستا وەك جاران  ناوبژیوانیكەر نین  وڵات بۆ ئاشتی و تەبایی رێكبخەنەوە, ئەوان ئەمجارە عێراق بۆ شەڕی داهاتووی خۆیان رێكدەخەنەوە بەرامبەر یەكتر, شەڕی ئەمەریكا-ئێرانیان هێناوەتە  خەزرا-هەولێر-سلێمانی, خەریكی پاشقولگرتنن لە یەكتری نەك هاوكاری, ئیئتیلافی فەتح  هاتنی مەكگۆركی بە هەوڵ بۆ گۆڕینی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن زانی, وێنەی هاككەرێكی لە ماكگۆركدا وێنا كرد. ئێستا زەمەنی هاك بە كۆتا گەیشت ئیتر زەمەنی كورسیكڕین و چاوسووركردنەوە و هەڕەشەی پەراوێزخستن هاتۆتە پێشەوە, تا 165 كورسی بۆ حكومەتە پڕ پینەوپەڕۆكە كۆبكرێنەوە, ئێران پارەیەكی زۆری لە هەڵبژاردنەكە خەرجكرد, تا هەنووكە 87 كورسی مەزموونی هەیە.

لە نێوان ئەڵتەرناتیڤی هەردوولا, هێزێك قیت بۆتەوە بەناوی سائیرون كە هەڕەشە لە بەرژەوەندییەكانیان دەكات, بەم بارودۆخە كە حكومەتی تەوافقی هەردوولا كۆتایی پێهاتووە وەك 3 خولی پێشوو كە شكستیشی خواردووە, ناتوانرێت گوێ لە هێزەكانی دژ بە هەردوولا نەگیرێت, عەلی ئەكبەر وڵایەتی راوێژكاری مورشیدی كۆماری ئیسلامی ئێران لە مانگی شوباتی رابردوو، 100 رۆژ پێش دەنگدنە پڕ لە نائومێدییەكە, هەڵوێستی ئێرانی لەسەر ئەم هاوپەیمانییە دەربڕی و وتی رێگا نادەین شیوعی و لیبراڵی و عەلمانییەكان لە عێراق دەسەڵات بگرنەدەست, شەوی 12 لەسەر 13ی مانگیش ئەوان وەڵامی خۆیان بە دروشمی بۆ دەرەوە بۆ دەرەوە ئێران بۆ دەرەوە  دایەوە, وەلێ 14ی مانگ قاسم سلێمانی خۆی كرد بە بەغدادا.

سائیرون هاوپەیمانییەكی عێراقییە و دەیەوێت كۆتایی بە باڵادەستیی ئێران بهێنێت لە عێراق, وەلێ باڵە بەهێزەكەی دژ بە شێوازی ئیسلامیانەی حوكمڕانی نییە, لە رابردوو خۆشیان لەگەڵ ئەمەریكا تاقیكردۆتەوە, جیاوازییان تەنها ئەوەندەیە لەگەڵ ئەوانی دی  لە بڕی قوم پەیڕەو لە نەجەف دەكەن, لە ساڵی 2014 ەوە تەوژمی سەدری دژ بە ئێران و قاسم سلێمانی دروشم دەڵێنەوە.
 
كاریگەریی كشانەوەی ئەمەریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران, راستەوخۆ لەسەر پێكهێنانی كابینەی حكومەتی داهاتووی عێراق دەبێت, كێشمەكێشەكان توندتر دەكاتەوە, كاری حاجی قاسمی سلێمانی و مستەر ماكگۆرك سەختر دەكات, شەڕی هەردوولا پێش سوریا و ئێران لە عێراقەوە دەبێت, ئەگەر راگەیاندنی ئەنجامەكان لە بری 6 دەقە 6 رۆژی ویست كە دەبوایە دوای 48 كاتژمێر رابگەیەنرایە, بێشك پێكهێنانی حكومەت زۆری دەوێت.

زۆربەی سیاسییەكانی عێراق قەرزاری ئەم دوو وڵاتەن, بەشێكیشیان پەیوەندیی ژێربەژێریان لەگەڵ هەردوولا هەیە, رۆڵی یار-ی سێو بە باخەڵ دەگێڕن, ئەوان نەبوونایە هەر دەبوا خەونیان بە گەڕانەوە بۆ عێراق ببینیایە نەك حوكمڕانی.

 پەرلەمانتاران پارەیەكی زۆریان خەرجكردووە, دەیانەوێت زوو بێنەوە  مایە لە رێگای حكومەتەوە, وەلێ پێناچێت ئەمجارە رێگای حكومەت و گەیشتن بە خەزرا وەك جاری جاران ئارام بێت, عێراق چاوەڕوانی گەشتی یەكەمی شەڕی ئەمەریكا-ئێران دەكات, سەری دوو بەرانەكە نەك مەنجەڵەكە پێكەوە نایان كوڵێنێت, بگرە ئاگادار بن مەنجەڵیش دەشكێنێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure