"ده‌یان به‌ركه‌وتووى چه‌كى كیمیایى هه‌ڵه‌بجه‌ توانای کڕینی ئۆکسجینیان نەماوە"

هەواڵ / کوردستانی :: 20/05/2018‌ :: 875‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ رایدەگەیەنێت، بارى ته‌ندروستى ژماره‌یه‌كى زۆر لە به‌ركه‌وتوانى چه‌كى كیمیایى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ دۆخێكى ناجێگیردایه‌، سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ش دەڵێت "بتڵێك ئۆكسجین به‌ 15 هه‌زار دینار ده‌كڕن و ئێستا تواناى دابینكردنى ئۆكسجینیشیان نه‌ماوه‌".

 

لوقمان عه‌بدولقادر، سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند "زیاتر له‌ 900 كه‌س وه‌كو به‌ركه‌وتووى چه‌كى كمیایى ناویان تۆماركراوه‌، به‌ڵام ماوه‌ى دوو ساڵه‌ هیچ یه‌كێك له‌و به‌ركه‌وتووانه‌ى چه‌كى كیمیایى نه‌براونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان بۆ وه‌رگرتنى چاره‌سه‌ر، له‌ كاتێكدا به‌شێكى زۆرى خێزانه‌كان به‌هۆى ناجێگرى بارى ته‌ندروستییانه‌وه‌ له‌سه‌ر حسابى خۆیان ده‌ڕۆنه‌ ده‌ره‌وه‌".

وتیشی "له‌ ئێستادا زیاتر لە 25 به‌ركه‌وته‌ى چه‌كى كیمیایى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ بارودۆخێكى ته‌ندروستى زۆر ناجێگیردان و ده‌بێت به‌ به‌رده‌وامى ئۆكسجین به‌كاربهێنن، به‌ جۆرێك بتڵێك ئۆكسجین به‌ 15 هه‌زار دینار ده‌كڕن و به‌شى ته‌نیا 72 كاتژمێریان ده‌كات، ئه‌مه‌ش بارگرانییه‌كى زۆرى بۆ دروستكردوون و تواناى دابینكردنى ئۆكسجینیشیان نه‌ماوه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌ داهاتوویه‌كى نزیكدا حكومه‌تى هه‌رێم و وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌جدى نه‌یەنەسه‌ر هێل بۆ ئه‌م بابه‌ته‌، هه‌ڵوێستى توندمان ده‌بێت".

سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماژەی بەوەشدا، له‌ هه‌فته‌ى داهاتووه‌وە ده‌ستده‌كه‌ن به‌ سه‌ردانیكردنى وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیاره‌كان، بۆ دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌رێك بۆ گرفتى به‌ركه‌وتووانى چه‌كى كیمیایى، چونكه‌ بارى ته‌ندروستییان له‌ دۆخێكى زۆر ناجێگیردایه‌ و خێزانه‌كانیان چاوه‌ڕێى مه‌رگى كه‌سه‌كانیان ده‌كه‌ن له‌ هه‌ر ساتێكدا بێت، دەشڵێت "ئه‌مه‌ش لاى ئێمه‌ قبوڵكراو نییه‌و ده‌بێت حكومه‌ت به‌هانامانه‌وه‌ بێت".

تائێستا 90 به‌ركه‌وتووى چه‌كى كیمیایى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌هۆى ناجێگریى بارى ته‌ندروستییانه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure