كه‌شوهه‌وای رۆژانی مانگی ره‌مه‌زان راگه‌یەنرا

هەواڵ / کوردستان :: 17/05/2018‌ :: 11600‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێم كه‌شوهه‌وای مانگی ره‌مه‌زانی راگه‌یاندو به‌پێی پێشبینییه‌كانیش پله‌كانی گه‌رمای له‌ 30 پله‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات تاكو 40 پله‌ و هه‌ندێك رۆژ به‌رزتریش ده‌بێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 17ی ئایاری 2018، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان راپۆرتێكی له‌باره‌ی كه‌شوهه‌وای مانگی ره‌مه‌زان بڵاوكرده‌وه‌.

به‌پێی راپۆرته‌كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ ماوه‌ی نێوان نیوه‌ی مانگی ئایار تاوه‌كو نیوه‌ی مانگی حوزیران له‌ژێر كاریگه‌ریی هه‌ردوو به‌رزه‌ پاڵه‌په‌ستۆی توركیا و ده‌ریای ناوه‌ڕاست و كاریگه‌ریی نزمه‌ پاڵه‌په‌ستۆی نیمچه‌ دوورگه‌ی عه‌ره‌بی و نزمه‌ پاڵه‌په‌ستۆی ده‌ریای سوور ده‌بێت.

له‌باره‌ی پله‌كانی گه‌رما له‌مانگی ره‌مه‌زان، كه‌شناسی هه‌رێم راگه‌یاندووه‌ "به‌رزترین پله‌كانی گه‌رمان له‌ مانگی ره‌مه‌زان له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كان له‌ 25 پله‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات تاكو نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ 35 پله‌ له‌ نیوه‌ی مانگی حویران، هه‌روه‌ها ناوچه‌ نیمچه‌ شاخاوییه‌كان له‌ 27 پله‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات تاكو نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ 37 پله‌ له‌ نیوه‌ی مانگی حویران، له‌ ناوچه‌ ده‌شتاییه‌كانیش له‌ 29 پله‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات تاكو نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ 39 پله‌ له‌ نیوه‌ی مانگی حویران".

به‌پێی پێشبینییه‌كانی كه‌شناسی هه‌رێم، ناوچه‌كانی باشووری هه‌رێم پله‌كانی گه‌رمای له‌ 30 پله‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات تاكو 40 پله‌ و هه‌ندێك رۆژیش به‌رزتریش ده‌بێته‌وه‌ بۆ سه‌رووی 40 پله‌ی سه‌دی.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure