پارتى ژماره‌ى كورسییه‌كانى له‌ په‌رله‌مان ئاشكراكرد

هەواڵ / کوردستان :: 17/05/2018‌ :: 15874‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
به‌رپرسى ده‌زگاى هه‌ڵبژاردنى پارتى، ئاشكرایده‌كات له‌ هه‌ڵبژاردنى 12ى ئایارى عێراق تاوه‌كو ئێستا زیاتر له‌ 25 كورسیان به‌ده‌ستهێناوه‌ و چاوه‌ڕێده‌كه‌ن ژماره‌ى كورسییه‌كان بۆ دوو كورسى دیكه‌ به‌رزبێته‌وه‌.


خه‌سره‌و گۆران، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 17ى ئایار، له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا له‌ هه‌ولێر ڕایگه‌یاند ، خه‌ڵكى كوردستان به‌هۆى ڕیفراندۆم و خزمه‌تكردن پاداشتى پارتیان داوه‌ته‌وه‌و تاوه‌كو ئێستاش به‌ مسۆگه‌رى زیاتر له‌ 25 كورسیان به‌ده‌ستهێناوه‌و چاوه‌ڕێده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ جیاكردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كانى ئاواره‌و تایبه‌ت و ده‌ره‌وه‌ ژماره‌ى كورسییه‌كانیان بۆ 27 كورسى به‌رزبێته‌وه‌.

ئاشكراشیكرد، تاوه‌كو ئێستا پارتى له‌ دهۆك 10 كورسى و له‌ هه‌ولێر 8 كورسى و له‌ موسڵ 6 كورسى له‌ سلێمانى 1 كورسى مسۆگه‌ر كردووه‌.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، له‌ ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان ڕازى نین و پشتگیرى ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ داواى جیاكردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كان ده‌كه‌ن به‌شێوازى ده‌ست و به‌ هه‌ولێر و دهۆكیشه‌وه‌.

باسیله‌وه‌شكرد، ئه‌وانه‌ى له‌ ژماره‌ى ده‌نگه‌كانیان له‌ پارێزگاى سلێمانى ڕازى نین و پێیانوایه‌ ئه‌مه‌ ده‌نگى ڕاسته‌قینه‌ى پارتى نییه‌و ده‌نگى یه‌كێتیش له‌ پارێزگاى دهۆك بۆ هاوپه‌یمانى چووه‌.

ئاماژه‌شى به‌وه‌كرد، تاوه‌كو ئێستا له‌رێگه‌ى به‌شى یاسایى مه‌كته‌بى هه‌ڵبژاردنه‌كانى پارتى  زیاتر له‌ 800 سكاڵایان تۆماركردووه‌ و زۆربه‌ى سكاڵاكانیش له‌ سنوورى سلێمانى بووه‌و به‌شێكیش له‌ هه‌ولێرو موسل و دهۆك.

وتیشى "پارتى هیچ نوێنه‌رێكى نییه‌ له‌ كۆمسیۆنى عێراق، چونكه‌ كاتى خۆى به‌هۆى گه‌له‌كۆمه‌ى ڕیفراندۆم كاندیدى پارتى بۆ پۆسى سه‌رۆكى كۆمسیۆن به‌ ناوى به‌یار تاهیر دواى ده‌رچوونیشى له‌ تاقیكردنه‌وه‌ په‌رله‌مان دوورخرایه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌وان به‌رپرس نین له‌كاره‌كانى كۆمسیۆن، تاوه‌كو كۆمسیۆن له‌ ده‌ست پارتى بوو هیچ یه‌ك له‌م كێشانه‌ى ئێستا هه‌یه‌ له‌ گۆڕێ نه‌بوو.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure