نوێنەری ھەدەپە لەھەرێم: ئەستەمە دەمیرتاش ئازادبکرێت

هەواڵ / کوردستان :: 18/05/2018‌ :: 872‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نه‌زیرعه‌لی 
نوێنەری پارتی دیموکراتی گەلان ھەدەپە، لە ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لەم قوناغەدا ئەستەمە دەوڵەتی تورکیا سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازادبکات. 

ئێستا سەڵاحەدین دەمیرتاش بۆ ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی تورکیا یەکێكە لە 6 کاندیدەکەی سەرۆک کۆماری. 

موزەیەن گۆنەیش، نوێنەری ھەدەپە لە ھەولێر بۆ دواڕۆژ وتی "نزیکەی دوو ساڵە دەمیرتاش لە زینداندایە و ھیچ تاوانێک بەسەریدا ساغنەبووەتەوە، ھەموو کەسێک لە تورکیا دەزانێت دەمیرتاش لە ئەنجامی دژایەتی و فاشیزمی ئاکەپە لە زیندانە، بۆیە لەم دۆخەدا ئاکەپە رێگەنادات ئازادبێت".

وتیشی "ھەدەپە ھەموو ھەوڵەکانی خۆی خستوەتەگەڕ بۆ ئەوەی دەمیرتاش ئازادبکرێت و وەک ھەموو بەربژێرەکانی دیکەی سەرۆک کۆماری بانگەشەبکات کە مافی خۆیەتی، پارێزەری دەمیرتاش لەم رۆژانەدا ھەموو ھەوڵێکی یاسایی دەدات دەمیرتاش ئازادبکات".

رۆژی 11ی ئەیلولی 2016 سەڵاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی پێشوی ھەدەپە لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ لە لایەن ھێزەکانی تورکیاوە دەستگیرکران و تائێستا ھیچ تاوانێک بەسەر سەڵاحەددین دەمیرتاشدا ساغنەبوەتەوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure