تەندروستی هەولێر بەفەرمی لەسەر ئیبۆلا هاتەدەنگ

هەواڵ / کوردستان :: 16/05/2018‌ :: 602‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 
تەندروستی هەولێر رایدەگەیەنێت، ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ و پشكنین ده‌كه‌ن و بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ هیچ حاڵه‌تێكی نه‌خۆشی ئیبۆلا بونى نیه‌.


ماوه‌ى چه‌ند رۆژێكه‌ هه‌واڵى بڵاوبونه‌وه‌ى نه‌خۆشى ئیبۆلا له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌نێو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان باسده‌كرێت، به‌ڵام ته‌ندروستى بونى نه‌خۆشیه‌كه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌.

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 16ى ئایارى 2018 له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرایكرد، دوابه‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی هه‌بوونی نه‌خۆشی (ئیبۆلا) له‌ چه‌ند په‌یج و ئه‌كاونتێك، به‌رێوه‌به‌را‌یه‌تی كاروباری پاراستنی تەندروستی هه‌ولێر و تیمه‌ پسپۆڕییه‌كان ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ و پشكنین ده‌كه‌ن "ده‌ره‌نجام هیچ حاڵه‌تێكی نه‌خۆشی ئیبۆلا ده‌رنه‌چووه،‌ بۆ دڵنیابوون و پشتڕاست كردنه‌وه‌، نمونه‌كانی خوێن ره‌وانه‌ی تاقیگه‌ی ناوه‌ندی به‌غدا كراوە".

ئەوەش هاتووه‌، دوای دووباره‌ پشكنینه‌وه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق ئەمڕۆ دڵنیاكراینەوە كه‌ هیچ حاڵه‌تێكی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ نییه‌ و پشكنینەكان نێگەتیفە، بۆیه‌ هاوڵاتیانی خۆشه‌ویست ئاگاداردەكەینەوە كه‌ ته‌نها پروپاگه‌نده‌ی بێ بنه‌مایه‌ و دروستكردنی دڵه‌ڕاوكێییه‌ و ئەم ده‌نگۆیه‌ ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌".

هه‌ر ئه‌مڕۆ راگه‌یه‌نرا به‌هۆی ڤایرۆسێكی نوێ هاوڵاتییه‌ك له‌ هه‌ولێر گیانی له‌ده‌ستداوه‌.

پێشتر خاڵس قادر، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "به‌هۆی ڤایرۆسێكی نوێ به‌ناوی كریمیان كۆنگۆ، هاوڵاتییه‌ك له‌ هه‌رێم گیانی له‌ده‌ستداوه‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێمه‌وه‌ هه‌موو ئاماده‌كارییه‌ك كراوه‌ بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسه‌كه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد ڤایرۆسه‌كه‌، له‌رێگه‌ی مێرویه‌کی بچووک به‌ ناوی (گه‌نه‌) له‌ ئاژه‌ڵه‌وه‌ بۆ مرۆڤ ده‌گوازرێته‌وه‌ و ئه‌وکه‌سانه‌ی که‌ ئه‌م ڤایرۆسه‌ لێیان ده‌دات، تووشی حاڵه‌تی خوێن به‌ربوون و ژانه‌ سه‌ر ده‌بن، به‌ڵام ئه‌م ڤایرۆسه‌ بۆ خه‌ڵکی به‌شێوه‌یه‌کی گشتی مه‌ترسیدار نییه‌، به‌ڵكو ته‌نیا ئه‌وانه‌ی قه‌سابن یاخود ئاژه‌ڵدارن ده‌بێت ئاگاداری خۆیان بن.
وتیشی "چاره‌سه‌ری ئه‌م نه‌خۆسییه‌ له‌کوردستان ئه‌نجام ده‌درێت، به‌ڵام ئه‌و که‌سانه‌ی تووش ده‌بن، زۆرجار ژیانیان ده‌كه‌وێته‌ مه‌رترسییه‌وه‌".

له‌باره‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی ئیبۆڵا، خاڵس قادر وتی "ڤایرۆسی ئیبۆڵا نە له‌ئێستاو نه‌ له‌ رابردووش له‌ هه‌رێم نه‌بووه‌".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure