سه‌عدى پیره‌: به‌كارهێنانى هێز یان دروستكردنى فیتنه‌ نامانگه‌یه‌نێته‌ ئه‌نجام

هەواڵ / کوردستان :: 16/05/2018‌ :: 234‌ جار بینراوە
سه‌عدى ئه‌حمه‌د پیره‌، وته‌بێژى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
وته‌بێژى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى داوا له‌ لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كان ده‌كات سكاڵا پێشكه‌ش بكه‌ن ده‌شڵێت، رووداوه‌كه‌ى شه‌وى هه‌ڵبژاردن له‌ سلێمانى بڕیارى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى له‌سه‌ر نه‌بووه‌.


سه‌عدى ئه‌حمه‌د پیره‌، وته‌بێژى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 16ى ئایارى 2018 له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌نوسیدا رایگه‌یاند، یه‌كێتى هه‌وڵده‌دات دڵى توركمان و عه‌ره‌ب و مه‌سیحییه‌كان له‌ كه‌ركوك رابگرێت.

وتیشى، "گه‌ر بمانه‌وێت برایه‌تى له‌و شاره‌ بێته‌دى، ده‌بێت هه‌ر كه‌سێك ئازاد بێت له‌وه‌ى ده‌نگ به‌ قه‌واره‌ و كاندیده‌كانى بدات".

ده‌رباره‌ى دۆخى كه‌ركوك و ناڕه‌زایه‌تیه‌كانیش ده‌رباره‌ى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن پیره‌ ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو، به‌كارهێنانى هێز یان دروستكردنى فیتنه‌ و پڕوپاگه‌نده‌ نامانگه‌یه‌نێته‌ ئه‌نجام.

ئه‌وه‌شى وت، ده‌بێت هه‌مووان پابه‌ندى یاسا بین و هه‌ر لایه‌نێكیش ناڕه‌زایه‌تى هه‌یه‌ ده‌بێت سكاڵا پێشكه‌ش بكات.

سه‌باره‌ت به‌ سلێمانى و هه‌وڵى هێرش بۆ سه‌ر باره‌گاى گۆڕان به‌رپرسه‌كه‌ى یه‌كێتى ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، چه‌ند رۆژێكه‌ وه‌ڵامى ئه‌و ده‌نگۆیه‌ ده‌ده‌نه‌وه‌ و دوێنێش له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ كونسوڵه‌كان دانیشتوون و ئه‌وه‌یان پێڕاگه‌یاندوین كه‌ رووداوى شه‌وى هه‌ڵبژاردن به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بڕیارى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى نه‌بووه‌.

دوپاتیشیكرده‌وه‌، مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى به‌رپرساره‌ له‌ ئه‌من و ئاسایشى سلێمانى و، لایه‌نێكیش كه‌ زۆرینه‌ى هه‌بێت و زۆرینه‌ى ده‌زگاكانى به‌ده‌سته‌وه‌بێت رازى نابێت به‌ ده‌ستى خۆى ئاسایش تێكبدات.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure