ئاوات محه‌مه‌د: سه‌نته‌ره‌كانى مه‌ساج و هه‌ندێك یانه‌ له‌ ره‌مه‌زاندا كراوه‌ ده‌بن

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 16/05/2018‌ :: 2286‌ جار بینراوە
ئاوات محه‌مه‌د

دواڕۆژ، سامان قوبادى
له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا ئاوات محه‌مه‌د، قایمقامى سلێمانى رایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ر فرۆشیارێك له‌ مانگى ره‌مه‌زاندا نرخى شتومه‌ك به‌رزبكاته‌وه‌ به‌توندترین شێوه‌ سزاده‌درێت ده‌یشڵێت "دوكانى فرۆشتنى خواردنه‌وه‌ كحولییه‌كان داده‌خرێن، ته‌نها ئه‌و یانانه‌ نه‌بێت كه‌ داخراون و دیارنین".

دواڕۆژ: ئاماده‌كاریى و رێنماییه‌كان بۆ مانگى ره‌مه‌زان چین؟  

ئاوات محه‌مه‌د: به‌شێك له‌ فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانى شارى سلێمانى و لیژنه‌ى ئه‌منى، پێش هاتنى مانگى ره‌مه‌زان كۆبووینه‌وه‌، به‌مه‌به‌ستى خۆئاماده‌كردن و دانانى به‌رنامه‌ و پلانى گونجاو، چونكه‌ ئه‌م مانگه‌ جیاوازه‌، بۆیه‌ پلان و كاره‌كانمان جیاواز ده‌بێت. له‌گه‌ڵ چه‌ند فه‌رمانگه‌یه‌كى خزمه‌تگوزاریى سلێمانى له‌سه‌ر به‌رنامه‌ و میكانزمێك رێككه‌وتوین، فه‌رمانگه‌ى كاره‌با به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان كاتژمێره‌كانى پێدانى كاره‌با زیاد ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت له‌كاتى به‌ربانگ و پارشێو و ئه‌وكاتانه‌ى سرووته‌ ئاینیه‌كانى تێدا جێبه‌جێ ده‌كرێت، بۆیه‌ فه‌رمانگه‌ى كاره‌با دڵنیایى ته‌واویان داوینه‌تێ كه‌ كاره‌باى پێویست دابینبكه‌ن. به‌هه‌مان شێوه‌ فه‌رمانگه‌ى ئاو دڵنایى ته‌واویان داوه‌ كه‌ هیچ كێشه‌یه‌ك دروستنه‌بێت.

دواڕۆژ: ساڵانه‌ له‌م مانگه‌دا نرخى شمه‌ك و خوارده‌مه‌نى زیاد ده‌كات، چى ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌؟
ئاوات محه‌مه‌د
: لیژنه‌كانمان به‌رده‌وام چاودێریى بازاڕ ده‌كه‌ن، ئێمه‌ نرخه‌كانى مانگى ره‌مه‌زان به‌راورد ده‌كه‌ین به‌ مانگى پێشتر، ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ نرخدا رووبدات، به‌دواداچوونى بۆ ده‌كه‌ین تا بزانین هۆكاره‌كه‌ى سه‌رچاوه‌كه‌یه‌تى یان قۆستنه‌وه‌ى خواستى هاوڵاتییانه‌. هه‌ر كه‌سێك نرخ به‌رزبكاته‌وه‌ و سه‌رپێچى بكات به‌ توندترین شێوه‌ سزاده‌درێت.

دواڕۆژ: له‌ ره‌مه‌زاندا خواست زیادده‌كات، كه‌واته‌ بۆ ئه‌وه‌ى نرخ به‌رزنه‌بێته‌وه‌ ئایا بازرگانانتان راسپاردووه‌ تا كاڵا و خۆراكى پێویست هاورده‌ بكه‌ن؟
ئاوات محه‌مه‌د
: له‌ بازاڕ و كۆگاكاندا مه‌وادێكى زۆر هاورده‌ كراوه‌، تائێستا هیچ كێشه‌یه‌كى نه‌هاتنى خۆراكمان نییه‌ و سنووره‌كان به‌ به‌رده‌وامى كراوه‌ن.

دواڕۆژ: پێشتر زیاده‌ڕه‌وی له‌سه‌ر شه‌قام و شۆسته‌كانى بازار نه‌مابوو، به‌ڵام ئێستا وه‌كو خۆى لێهاتووه‌ته‌وه‌، ئایا بۆ مانگى ره‌مه‌زان چۆن رێكده‌خرێته‌وه‌؟
ئاوات محه‌مه‌د
: شاره‌وانى و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى هاتوچۆ راسپێردراون، پێویسته‌ ئه‌و پلانه‌ى دایانناوه‌ له‌ناو بازاڕ و شوێنه‌ گشتییه‌كان جێبه‌جێى بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى قه‌ره‌باڵغى و ئاسته‌نگى هاتوچۆ كه‌مبكرێته‌وه‌، تا خه‌ڵك به‌ ئاسانى سه‌ردانى بازاڕ بكات. زیاده‌ڕه‌ویه‌كانیش لاده‌برێن له‌سه‌ر شه‌قام و شۆسته‌كان.

دواڕۆژ: ئایا رێگه‌ به‌ دوكانى فرۆشتنى خواردنه‌وه‌ كحولییه‌كان و یانه‌كانى شه‌وانه‌ ده‌ده‌ن كراوه‌ بن؟
ئاوات محه‌مه‌د
: بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ رێنمایى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف هه‌یه‌ و ئێمه‌ش جێبه‌جێى ده‌كه‌ین، دوكانى فرۆشتنى خواردنه‌وه‌ كحولییه‌كان داده‌خرێن، هه‌ندێك یانه‌ نه‌بێت كه‌ شوێنى داخراون و له‌م مانگه‌دا كراوه‌ ده‌بن.

دواڕۆژ: ئایا سه‌نته‌ره‌كانى مه‌ساج داده‌خرێن؟
ئاوات محه‌مه‌د
: له‌ رێنماییه‌كاندا باسى سه‌نته‌رى مه‌ساج نه‌كراوه‌.

دواڕۆژ: زۆربه‌ى قه‌واره‌ سیاسییه‌كان پۆسته‌ر و ئاڵاى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنیان له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كان لانه‌بردووه‌، بۆچى داواتان نه‌كردووه‌ لایبه‌رن؟
ئاوات محه‌مه‌د
: داوایان لێده‌كه‌ین پابه‌ندبن به‌و به‌ڵێنانه‌ى پێشتر داویانه‌، به‌داخه‌وه‌ تائێستا پێوه‌ى پابه‌ندنه‌بوون، چونكه‌ ئه‌نجامى فه‌رمى رانه‌گه‌یه‌ندراوه‌، دواى ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر لێینه‌كه‌نه‌وه‌ هه‌ر قه‌واره‌یه‌ك ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ى كه‌ وه‌ك بارمته‌ دایناوه‌ نایدرێته‌وه‌، شاره‌وانى لێیده‌كاته‌وه‌ و تێچووه‌كه‌ى له‌و پاره‌یه‌ ده‌دات.

دواڕۆژ: دواى ته‌واوبوونى هه‌ڵبژاردنه‌كان شه‌وانه‌ له‌ هه‌ندێك گه‌ڕه‌ك ده‌نگى ته‌قه‌ ده‌بیسترێـت، بۆچى به‌دواداچوون بۆ ئه‌مه‌ ناكه‌ن؟
ئاوات محه‌مه‌د
: هێزه‌كانمان له‌ حاڵه‌تى ئاماده‌باشیدان به‌تایبه‌تیش له‌ كاتى بانگه‌شه‌ و راگه‌یاندنى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان، تیمه‌كانى ئاسایش و پۆلیس سه‌ردانى هه‌موو گه‌ڕه‌ك و كۆڵانه‌كان ده‌كه‌ن، به‌دواداچوونى بۆ ده‌كه‌ن. به‌داخه‌وه‌ به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌ هه‌موو ماڵێك چه‌ك هه‌یه‌، كه‌سێك له‌ ماڵه‌كه‌ى خۆى دێته‌ده‌ره‌وه‌ و فیشه‌ك ده‌ته‌قێنێت، ئاسان نییه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ بدۆزینه‌وه‌، له‌سه‌ر ئه‌مه‌ چه‌ندین كه‌س گیراون و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا كراوه‌. له‌ سلێمانى هیچ بۆشاییه‌كى ئه‌منى نییه‌، ئه‌و ئه‌منیه‌ت و ئاسایشه‌ى له‌ سلێمانى هه‌یه‌ له‌ هیچ شارێكى تردا نییه‌، دڵنیایش ده‌ده‌ینه‌ هاوڵاتیان.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure