ئه‌مریكا بۆچوونى خۆى سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردن و سه‌ركه‌وتنى سائیرون ده‌رده‌بڕێت

هەواڵ / عێراق :: 16/05/2018‌ :: 242‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
وه‌زیرى به‌رگرى و وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا بۆچوونی وڵاته‌كه‌یان سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق و سه‌ركه‌وتنى هاوپه‌یمانى سائیرون-ى سه‌ر به‌ ره‌وتى سه‌در ده‌رده‌بڕن.


جەیمس ماتیس، وه‌زیرى به‌رگرى ئه‌مریكا له‌ بیناى وه‌زاره‌ته‌كه‌ى له‌به‌رده‌م رۆژنامه‌نووساندا رایگه‌یاند "گه‌لى عێراق هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجامدا، ئه‌وه‌ پڕۆسه‌یه‌كى دیموكراتییه‌، هه‌رچه‌نده‌ زۆر كه‌س گومانی ده‌كرد، له‌وه‌ى عێراق خۆى به‌رپرسیارى خۆى بگرێته‌ده‌ست".

وتیشى "چاوه‌ڕێى ئه‌نجامه‌ كۆتاییه‌كانى هه‌ڵبژاردنه‌كانین و، رێز له‌ بڕیارى خه‌ڵكى عێراق ده‌گرین".

لاى خۆیه‌وه‌ هێزه‌ر ناوێرت، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وەى ئه‌مریكا، وتى "ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا باوه‌ڕى وایه‌ ده‌توانێت، به‌ردوامى به‌ په‌یوه‌ندییه‌كى باش بدات له‌گه‌ڵ حكومه‌تى ئاینده‌ى عێراق".

ئەوەشی وت "زۆر كه‌س له‌ عێراق و وڵاتانى تریش ترسى گه‌وره‌یان هه‌یه‌ سه‌باره‌ت بە هه‌ژموونى ئێران له‌ وڵاتانى ناوچه‌كه‌، ئه‌مه‌ش هه‌میشه‌ سه‌رچاوه‌ى نیگه‌رانى ئێمه‌شه‌".

وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا جه‌ختیشى كرده‌وه‌، ئێمه‌ ده‌زانین موقته‌دا سه‌در كێیه‌، رابردووى و هه‌ڵوێسته‌كانیشى ده‌زانین، به‌ڵام ئێمه‌ متمانه‌مان به‌ حكومه‌تى عێراقى هه‌یه‌.

هاوكات ئه‌ریك باهون، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌مریكا وتى "ئێمه‌ پاڵپشى حزبێك یان كاندیدێكى دیاریكراو ناكه‌ین، ئێمه‌ پاڵپشى پڕۆسه‌یه‌كى دادگه‌ر و شه‌فاف ده‌كه‌ین".

وتیشى "ئێمه‌ ئاماده‌ین كار له‌گه‌ڵ هه‌ر كه‌سێكدا بكه‌ین كه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵكى عێراقه‌وه‌ به‌ شه‌فافى هه‌ڵبژێردرابێت".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure