پارتی چاوی له‌سه‌ر دوو پۆستی باڵای عێراقه‌

هەواڵ / کوردستان :: 16/05/2018‌ :: 37803‌ جار بینراوە

تاگ :: پارتی

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
پارتى دیموكراتى كوردستان كاندیدى بۆ پۆسته‌ سیادییه‌كانى حكومه‌تى داهاتووى عێراق ده‌بێت و ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تى ئه‌و حزبه‌ش ئاماژه‌به‌وه‌ده‌كات، جگه‌ له‌پۆستى سیادى پۆستى سه‌رۆك كۆمار و په‌رله‌مانیش ئیستیحقاقى پارتییه‌.


دوێنێ سێشه‌ممه‌ 15ى ئایار، مه‌كته‌بى سیاسى پارتى دیموكراستى كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تى مه‌سعود بارزانى، سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌سه‌ر ده‌ره‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنى 12ى ئایار كۆبوەوه‌، به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پارتى بڕیارى پێكهێنانى لیژنه‌یه‌كى تایبه‌تى داوه‌ به‌مه‌به‌ستى خۆئاماده‌كردن بۆ چۆنێتى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ براوه‌كانى عێراق له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا.

دواڕۆژ له‌سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌سه‌ركردایه‌تى ئه‌و حزبه‌ زانیویه‌تى له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆكراوه‌ به‌مه‌به‌ستى خۆئاماده‌كردنى پارتى بۆ دیاریكردنى كاندید بۆ پۆسته‌ سیادییه‌كانى عێراق له‌ نێویشیاندا پۆستى سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق.

لاى خۆیه‌وه‌ عه‌لى حسێن، لێپرسراوى په‌یوه‌ندییه‌ نیشتمانى و عێراقییه‌كانى پارتى  به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند "پارتى دیموكراتى كوردستان وه‌كو براوه‌ی یه‌كه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌كان لەهه‌رێمى كوردستان وه‌رگرتنى چه‌ند پۆستێكى سیادى و له‌ نێویشیاندا پۆستى سه‌رۆك په‌رله‌مان و سه‌رۆك كۆمارو به‌ مافى خۆى ده‌زانێت دواى گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێم كاندیدى ده‌بێت".

ئاماژه‌شى به‌وه‌كرد، به‌لاى پارتیه‌وه‌ پۆست گرنگ نییه‌، ئه‌وه‌نده‌ى یه‌كڕیزى و به‌ده‌ستهێنانى مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى كورد گرنگه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پارتى نایه‌وێت وه‌كو ڕابردوو خۆى بكاته‌ قوربانى هه‌ندێ لایه‌ن، دواتریش هه‌ر ئه‌وانه‌ دژى پارتى بوه‌ستنه‌وه‌.

وتیشى "پارتى چاوه‌ڕێى گفتوگۆكان ده‌كات و سه‌رجه‌م سیناریۆكان شیده‌كاته‌وه‌، ئه‌وكات له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى هه‌رێم و دواتریش به‌غدا گفتوگۆ دەکات".

رۆژی شه‌ممه‌ 12ى ئایار، خولى چواره‌مى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌ هه‌رێمى كوردستان و شاره‌كانى ترى عێراق به‌ڕێوه‌چوو.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure