یه‌كێتى رونكردنه‌وه‌ى له‌سه‌ر هێرشى سه‌ربازى و دۆخى كه‌ركوك ده‌دات

هەواڵ / کوردستان :: 15/05/2018‌ :: 1981‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى رایده‌گه‌یه‌نێت، پڕوپاگه‌نده‌ى نیازى ئه‌نجامدانى هێرشى سه‌ربازى بۆ سه‌ر گۆڕان ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ و داواش له‌ لایه‌نه‌كان ده‌كات ئەنجامی هەڵبژاردن له‌ كه‌ركوك هەروەكو جارەكانی تر قبوڵ بكه‌ن.


مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 15ى ئایار رونكردنه‌وه‌یه‌كى بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا هاتووه‌، "نامەی ڕەسمی بۆ نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان و كونسوڵخانەكانی هەرێمی كوردستان، لە لایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە نێردراوە، گوایە، یەكێتی بەنیازە پەلاماری عەسكەریان بدات. لە كاتێكدا سەراپا ئەو پڕوپاگەندانە ڕەت دەكەینەوە، لە هەمان كاتدا، لە حكومەت و لەناو یەكێتی، خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین لە پاراستنی ئاسایشی كوردستان و سەروەری یاسا".

ده‌شڵێت، "‎مادام، لە سەراپای عێراقدا، گازاندەی تەزویر هەیە، یان لە سەراپای عێڕاقدا ، دادگای دەستووری بڕیاری تەتەڵەكردنەوەی دەنگەكان بدات، یان ناكرێ، ، سلێمانی یان كەركووك بكرێتە قوربانی دابەزینی ڕێژەی دەنگی چەند لایەنێكی سیاسی".

سه‌باره‌ت به‌ كه‌ركوك-یش ئاماژه‌ده‌دات، داوادەكەین ئەنجامی هەڵبژاردن هەروەكو جارەكانی تری عێراق، قبوڵ بكرێ. سكاڵای لایەنەكانیش با كۆمسیۆنی باڵا بەپێی یاساو رێسای پەسندكراو مامەڵەیان لەگەڵدا بكات.

ده‌قى رونكردنه‌وه‌كه‌: 

روونكردنەوەی مەكتەبی سیاسی لەسەر پڕوپاگەندەی هێرشی عەسكەری و دۆخی كەركووك

‎جەماوەری ئازادیخوازی كوردستان

‎دوو ڕۆژە هەڵبژاردن كۆتایی هاتووەو بەرە بەرە، ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنەكە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەوە، ڕادەگەیەنرێ.

‎یەكێتی وەكو هەمیشە، بەرپرسیارانە لەگەڵ ئەنجامی هەڵبژاردنەكە، چ لەگەڵ ئەو لایەنانەی دەنگی زۆرترو چ لەگەڵ ئەو لایەنانەی دەنگی كەمتریان لە لیستی (١٦٢)هێناوە مامەڵە دەكات.

‎ئەوەی جێی داخە لامان، نەك پڕوپاگەندە، بەڵكو نامەی ڕەسمی بۆ نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان و كونسوڵخانەكانی هەرێمی كوردستان، لە لایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە نێردراوە، گوایە، یەكێتی بەنیازە پەلاماری عەسكەریان بدات. لە كاتێكدا سەراپا ئەو پڕوپاگەندانە ڕەت دەكەینەوە، لە هەمان كاتدا، لە حكومەت و لەناو یەكێتی، خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین لە پاراستنی ئاسایشی كوردستان و سەروەری یاسا.

‎هەرگیز یەكێتی، بۆ چارەسەركردنی كێشە سیاسی و یاساییەكان، هانا بۆ هێز نابات. هەردەم یەكێتی لەناو شۆڕش و لەدوای ڕاپەڕینەوە، بەرگری لە خۆی كردووە. بەرگریش مافی پیرۆزە، ئەو كێشەیەی لەسەر تەتەڵەی دەنگەكانیش بە ئامێری ئەلیكتڕۆنی كەوتۆتە ئاراوە، یەكێتی هەڵوێستی ڕۆشنە.

‎مادام، لە سەراپای عێراقدا، گازاندەی تەزویر هەیە، یان لە سەراپای عێڕاقدا ، دادگای دەستووری بڕیاری تەتەڵەكردنەوەی دەنگەكان بدات، یان ناكرێ، ، سلێمانی یان كەركووك بكرێتە قوربانی دابەزینی ڕێژەی دەنگی چەند لایەنێكی سیاسی.

‎سەبارەت بە كەركووكیش، یەكێتی داوا دەكەین ئەنجامی هەڵبژاردن هەروەكو جارەكانی تری عێراق، قبوڵ بكرێ. سكاڵای لایەنەكانیش با كۆمسیۆنی باڵا، بەپێی یاساو ڕێسای پەسندكراو، مامەڵەیان لەگەڵدا بكات، دانیشتوان و پێكهاتەكانی كەركووك، سەرەڕای دۆخی نەخوازراوی ئاسایش لە شارەكەدا، ئەركی دیموكراسی خۆیان جێبەجێ كردووە. هەقوایە، ڕێز لە هیمەت و دڵسۆزی دانیشتوانی كەركووك بە كوردو عەرەب و توركمان و مەسیحییەكان بگیرێ، نەك بۆ ئامانجی حزبایەتی ، ڕەنج و ماندووبوونی خەڵك، فەرامۆش بكرێ.

‎ئەی جەماوەری كوردستان و عێراق

‎وا دوا ئەنجامی هەڵبژاردن ساغ دەبێتەوە. ئیتر كاتی وەلانانی ناكۆكییەكان و داخستنی دەرگای قۆناغی پێش هەڵبژاردن و كردنەوەی دەروازەی قۆناغی نوێی ئێستایە، بۆ ڕاپەڕاندنی ئەركە هاوبەشەكانمان لە عێڕاقی دوای سەركەوتن بەسەر بەسەر داعش و لە كوردستانی فیدڕاڵدا.

‎هەموو لایەكیش دەزانن، كە یەكێتی، بە نەخشە دەنگەكانی دابەزیوەو ئەندامانی پەڕلەمانیشی كەمی كردووە، بەڵام جگە لەڕێگای یاسایی و ئسوڵی، هیچ كاردانەوەیەكمان نەبووە. 

‎بەهیوای سەركەوتن
 
‎مەكتەبی سیاسی
‎یەكێتی نیشتمانی كوردستان
15-5-2018



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure