سیناریۆكانى پێكهێنانى فراكسیۆنێكى گه‌وره‌ له‌په‌رله‌مانى عێراق

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 16/05/2018‌ :: 902‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
یه‌كێك له‌ گه‌رمترین بابه‌ته‌كانى ئه‌مڕۆى میدیا جیهانیه‌كان، ده‌ره‌نجامه‌ ناڕه‌سمیه‌ راگه‌یه‌نراوه‌كانى هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ى عێراقه‌. ئه‌م راپۆرته‌ى خواره‌وه‌ پوخته‌یه‌كى كورتكراوه‌ى ئه‌و بابه‌ته‌یه‌ كه‌ له‌ حه‌یات و شه‌رقولئه‌وسه‌ت و ئیلاف و ره‌ئیلیه‌وم-ى عه‌ره‌بییه‌وه‌ ئاماده‌كراوه‌.

 
به‌پێى مه‌زه‌نده‌ و پێشبینیه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان، دوو ئاراسته‌ له‌ عێراقدا به‌ره‌و ده‌ركه‌وتن ده‌چن: یه‌كه‌میان ئه‌گه‌رى هاوپه‌یمانیى نێوان (سائیرون) به‌ سه‌رۆكایه‌تى موقته‌دا سه‌در و (نه‌صر) به‌ سه‌رۆكایه‌تى حه‌یده‌ر عه‌بادى كه‌ پێده‌چێت (ئیئتیلافى نیشتمانى) به‌ سه‌رۆكایه‌تى ئه‌یاد عه‌لاوى-ش بچێته‌ پاڵیان بۆ پێكهێنانى حكومه‌تى داهاتووى عێراق.

ئاراسته‌ى دووه‌میش، ئه‌گه‌رى هاوپه‌یمانیى نێوان لیستى (فه‌تح) به‌ سه‌رۆكایه‌تى هادى عامرى و (ده‌وڵه‌تى یاسا) به‌ سه‌رۆكایه‌تى نورى مالیكى و (ره‌وتى حیكمه‌) به‌ سه‌رۆكایه‌تى عه‌مار حه‌كیم و هه‌ندێك هێزى دیكه‌ى بچكۆله‌ى هاودید و بۆچوون.

لایه‌نى براوه‌ ده‌بێت ده‌ست بكات به‌ دانوستانى پێكهێنانى حكومه‌تى داهاتووى عێراق و كار بكات بۆ ئه‌وه‌ى زۆرینه‌یه‌كى واى په‌رله‌مانى پێكبێنێت كه‌ حكومه‌ته‌كه‌ى په‌سه‌ند بكات و ده‌بێت له‌ ماوه‌ى 90 رۆژى دواى به‌ فه‌رمى راگه‌یاندنى ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا، حكومه‌ت پێكبهێنرێت.

برێت مه‌كگۆرك نێرده‌ى تایبه‌تى سه‌رۆكى ئه‌مریكا و دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق، كه‌وتوونه‌ته‌ هاتوچۆى گه‌رم له‌ نێوان به‌غدا و هه‌ولێر بۆ ئه‌وه‌ى جێ پێى واشنتۆن له‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مانى داهاتووى عێراقدا بكه‌نه‌وه‌ و ئێرانیش تا ئه‌م ساته‌ بێده‌نگیه‌كى وریا و چاودێرییانه‌ى هه‌ڵبژاردووه‌ كه‌ دیار نییه‌ چى ده‌كات، به‌ڵام بێگومان ده‌سته‌وه‌ستان نابێت.  

له‌ سه‌رئاستى كوردستانیش، یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان له‌ سلێمانى و پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ هه‌ولێر براوه‌ى یه‌كه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ن، به‌ڵام هێشتا ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئاخۆ كورد وه‌ك ساڵانى پێشوو به‌ یه‌كده‌نگى و پێكه‌وه‌یى ده‌چنه‌ په‌رله‌مانى عێراقه‌وه‌ یاخود هه‌م دوو حزبه‌ گه‌وره‌كه‌ و هه‌م حزبه‌ بچووكه‌كانیش هه‌ر یه‌كه‌و هه‌وڵده‌دات له‌گه‌ڵ لایه‌نێكى براوه‌ى عێراقیدا هاوپه‌یمانى بكات؟   

موقته‌دا سه‌در سه‌رۆكى ره‌وتى سه‌د و هاوپه‌یمانى سائیرون كه‌ له‌گه‌ڵ حزبى شیوعى عێراقیدا پێكیهێناوه‌ و سه‌ركه‌وتووى یه‌كه‌مى پرۆسه‌كه‌ن، له‌ تویتێكدا ده‌ڵێت هه‌وڵ بۆ پێكهێنانى حكومه‌تێكى ته‌كنۆقراتى دوور له‌ ده‌ستى حزب ده‌ده‌ن.

سه‌در له‌ تویته‌كه‌یدا ئاماژه‌ى به‌وه‌یش كردووه‌ كه‌ ده‌كرێت حكومه‌تێكى ئیئتیلافى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كاندا دامه‌زرێنێت، بۆ ئه‌مه‌یش ناوى چه‌ند لایه‌نێكى عێراقى و كوردیى هێناوه‌.

لایخۆیه‌وه‌ ئه‌نتۆنیۆ غۆتێریس ئه‌میندارى گشتى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان داواى له‌ لایه‌نه‌ عێراقیه‌كان كردووه‌ هه‌وڵه‌كانیان چڕ بكه‌نه‌وه‌ بۆ گه‌یاندنى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ به‌ دوا هه‌وارى خۆى كه‌ پێكهێنانى حكومه‌تێكه‌ له‌ زووترین كاتدا. 

لایه‌نگرانى موقته‌دا سه‌در رژاونه‌ته‌ شه‌قامه‌كان و ئاهه‌نگى سه‌ركه‌وتنى ره‌وتى سه‌در و حزبى شیوعى ده‌گێڕن. دیارترین هوتاف و دروشمه‌كانیشیان بریتین له‌ (سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر گه‌نده‌ڵكاراندا) و (قۆناغى داهاتوو بۆ گه‌لى عێراقه‌) و (به‌غدا حوڕه‌ حوڕه‌..ئێران به‌ڕه‌ به‌ڕه‌). 

هه‌ندێك له‌ چاودێرانى ئه‌نجامه‌كانیش، پێنج سیناریۆیان بۆ داهاتووى عێراق و پێكهێنانى حكومه‌تى دواى هه‌ڵبژاردنه‌كان پێشبینى كردووه‌ كه‌ به‌مجۆره‌ن:

یه‌كه‌م: كۆبوونه‌وه‌ى فراكسیۆنه‌كانى سه‌در و عه‌بادى و عه‌لاوى و ژماره‌یه‌ك له‌ لیسته‌ كوردیه‌كان و هه‌ندێك حزبى بچووك بۆ پێكهێنانى گه‌وره‌ترین فراكسیۆن و دامه‌زراندنى حكومه‌تێك به‌ سه‌رۆكایه‌تى حه‌یده‌ر عه‌بادى. باقى هێزه‌كانى ترى وه‌ك فه‌تح و ده‌وڵه‌تى یاسا-یش ببنه‌ ئۆپۆزیسیۆن.

دووه‌م: پێكهێنانى فراكسیۆنى گه‌وره‌ له‌ نێوان عه‌بادى و مالیكى و فه‌تح و راكێشانى هێزه‌ سوننى و كوردیه‌كان به‌لاى خۆیاندا و پاڵنانى سه‌در بۆ ئه‌وه‌ى ببێته‌ هێزێكى ئۆپۆزیسیۆن. 

سێیه‌م: هه‌مان میكانیزمى پێكهێنانى حكومه‌ته‌كه‌ى 2014، واتا كۆبوونه‌وه‌ى هێزه‌ شیعیه‌كان له‌ چوارچێوه‌یه‌ى (هاوپه‌یمانى نیشتمانى)یه‌كدا بۆ پێكهێنانى گه‌وره‌ترین فراكسیۆن و دامه‌زراندنى حكومه‌ت. ئه‌مه‌یش لیسته‌كانى سه‌در و عه‌بادى هه‌ڵده‌وه‌شێنێت چونكه‌ چه‌ندین كه‌سێتیى سیاسیى سوننى و عه‌لمانى و مه‌ده‌نییان تێدایه‌ و هاوپه‌یمانێتیى له‌سه‌ر بنه‌ماى تائیفى ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.

چواره‌م: كۆبوونه‌وه‌ى سه‌در و عه‌بادى و عامرى له‌ هاوپه‌یمانێتیه‌كدا. ئه‌مه‌ به‌و مه‌رجه‌ى ئه‌م هاوپه‌یمانێتیه‌ به‌ده‌نگ داواكارییه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانى موقته‌دا سه‌در-ه‌وه‌ بچێت، ئه‌ویش هاوپه‌یمانینه‌كردنه‌ له‌گه‌ڵ مالیكى له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ نه‌رمیى نواندنه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و لایه‌نانه‌ى خاوه‌نى هێزى چه‌كدارن.

پێنجه‌م و دواسیناریۆ، هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ له‌ نێوان مالیكى و عامرى له‌گه‌ڵ سوننه‌ و كورد-دا، ئه‌مه‌یش به‌هۆى ده‌ره‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌وه‌ دوورترین سیناریۆیانه‌.

بێجگه‌ له‌و پێنج سیناریۆیه‌، هه‌ندێك هێز و لایه‌نیش باس له‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر نه‌گه‌یشتنه‌ چاره‌سه‌رێكى رازیكارى لایه‌نه‌كان، به‌ڵام میكانیزمه‌كانى ده‌ستورى عێراق رێگه‌ به‌مه‌ نادات. 

ئاماده‌كردن: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure