قایمقامى هه‌ڵه‌بجه‌ هۆشداریده‌داته‌ فرۆشیاران و خاوه‌ن دوكانه‌كان

هەواڵ / کوردستان :: 15/05/2018‌ :: 311‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
قایمقامى هه‌ڵه‌بجه‌ هۆشداریده‌داته‌ سه‌رجه‌م ئه‌و فرۆشیار و خاوه‌ن دووكانانه‌ى سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ به‌ نیازن له‌ مانگى ڕه‌مه‌زاندا نرخى شمه‌ك و كاڵاكانیان به‌رزبكه‌نه‌وه‌، به‌جۆرێك سه‌ره‌ڕاى سزاى مادى سزاى داخستنى شوێنى كاره‌كانیان به‌سه‌ردا جێبه‌جێده‌كرێت.


له‌ كۆنگره‌یەکی ڕۆژنامه‌وانیدا كه‌ به‌بۆنه‌ى هاتنى مانگى ڕه‌مه‌زانه‌وه‌ بۆى ڕێكخرابوو، نوخشه‌ ناسیح، قایمقامى ناوه‌ندى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ مانگى ڕه‌مه‌زاندا خواستێكی زۆر له‌سه‌ر كڕینی شتومه‌ك و خوارده‌مه‌نی هه‌یه‌، بۆیه‌ له‌ڕێگه‌ی لیژنه‌كانمانه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ورد چاودێرى بازاڕ له‌ڕووى نرخ و كوالێتی خواردنه‌كان ده‌كه‌ین بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌ تایبه‌ته‌مه‌نده‌كانمان ڕاسپردووه‌ بۆ گرتنه‌به‌رى هه‌ر ڕێوشوێنێك كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندى هاووڵاتیاندا بێت.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد،  له‌حاڵه‌تی به‌رزكردنه‌وه‌ى نرخى هه‌ر كاڵاوشمه‌كێك كه‌ خواستى زۆرى له‌سه‌ر بێت له‌لایه‌ن دووكاندار و فرۆشیارانه‌وه‌ ئێمه‌ ڕێوشوێنى یاسایى خۆمان ده‌گرینه‌به‌ر به‌جۆرێك ئه‌و كه‌سانه‌ى نرخ به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌ سه‌ره‌تا سزاى مادییان ده‌ده‌ین و له‌حاڵه‌تى به‌رده‌وامبونیان ناچار هه‌ڵده‌ستین به‌ داخستنى شوێنى كاره‌كه‌یان.

قایمقامى ناوه‌ندى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى وت "لیژنه‌ی ئه‌منیش ئاماده‌كاری خۆی كردوه‌ و ئه‌ركه‌كانیان زیاتر ده‌بێت له‌ڕه‌مه‌زاندا و به‌شێوه‌ی باش كاری خۆیان ده‌كه‌ن، داواش له‌هاووڵاتیانی سنوی پارێزگاكه‌ ده‌كه‌ین له‌هه‌ر حاڵه‌تێكی خواردنی ماوه‌به‌سه‌رچوو خراپ، په‌یوه‌ندی به‌ لیژنه‌كانمانه‌وه‌ بكه‌ن، هاوكات پێدانى كاره‌باش  به‌هاووڵاتیان به‌جۆرێك ده‌بێت كه‌ جێگه‌ى رشه‌زامه‌ندى هاووڵاتیان بێت".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure